عومەر بەشیر لە دەسەڵات دوور خرایەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی وڵاتی سودان لە دەسەڵات دوور خراوەتەوە و گەشتی دەرەوەیشی لێ قەدەغە كراوە، ئەوەش دوای چەند مانگێك لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو وڵاتە دێت لە دژی سیاسەتەكانی ناوبراو.
میدیاكانی سودان بڵاویان كردووەتەوە، كە ئەمڕۆ عومەر بەشیر سەرۆكی وڵاتەكەیان لە دەسەڵات دوور خراوەتەوە و گەشتی دەرەوەی وڵاتیشی لێ قەدەغە كراوە، هاوكات زیاتر لە ١٠٠ سەركردە و بەرپرسی پارتی دەسەڵاتداری سودان دەستگیر كراوان و گەشتی دەرەوەی وڵاتیشیان لێ قەدەغە كراوە، ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، كە تا ئێستا بە هۆی خۆپیشاندانەكانی سوودان، ٢٢ كەس كوژراون و لە نێویاندا ٥ كەسیان سەربازن، كە ویستوویانە بەرگری لە خۆپیشاندەران بكەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێك لە ئەفسەرانی سوپا گەمارۆی كۆشكی كۆمارییان دا و دەستیان بەسەر وێستگە و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئەو وڵاتەدا گرت، بەشێك لە سوپای سودان پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دووپات كردەوە، هەروەها دەیان هەزار كەسیش لە بەردەم بنكەی سەرەكیی سوپای سودان كۆ بوونەوەتەوە و دروشم دژی عومەر حەسەن بەشیر دەڵێنەوە.
عومەر بەشیر، سەرۆكی لەكار لادراوی سودان ساڵی ١٩٤٤ لە دایك بووە، ساڵی ١٩٨٩ كودەتای بەسەر حكوومەتی هەڵبژێردراوی وڵاتەكەیدا كرد و خۆی وەك سەرۆكی سودان ناساند.
ژمارەی دانیشتووانی سودان ٤٠ ملیۆن كەسە و عومەر حەسەن بەشیر ماوەی ٣٠ ساڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە ئەفریقییە بووە.
خێڵان بەختیار




