عەلی خەلیل: لایەنەکان لە ھەوڵدان بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ نەینەوا

مووسڵ -KDP.info- بڕیار بوو لە دوای لادانی پارێزگاری نەینەوا پارێزگارێکی نوێ بۆ شارەکە دیاری بکرێت، بەڵام بەگوتەی بەرپرسی لقی پارتی لە مووسڵ، پڕۆسەی دانانی پارێزگار دوا خراوە و بڕیارە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ دەڵێت: "پڕۆسەی دانانی پارێزگارێکی نوێ و جێگرەکانی دوا خراوە، چونکە دوای بڕیاری لادانی پارێزگاری نەینەوا و جێگرانی بڕیار بوو پارێزگاری نوێ دیاری بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی مافی تانەیان ھەیە و لە دادگا تانەیان لە بڕیارەکە داوە، تا مانگێکی دیکە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی دوا خراوە، ھەرکاتێک دادگا بڕیاری خۆی دەرکرد ئەوکات کار بۆ دانانی پارێزگاری نوێ دەکرێت."
بەرپرسی لقی چواردەی مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند لایەنێکی عێراق لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگاکە و چەند ناوێک ئاشکرا کراون، بەڵام پێشبینی ناکرێت ھیچیان چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان ھەبێت، دواجاریش بڕیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان."
لەبارەی پشکی پارتیشەوە لە پارێزگای نەینەوا، خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئێمە مافی خۆمانە کەسێکی پارتی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەین."
عەلی خەلیل گوتی: "لە دوای ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەوە ھەموو لایەک ھاتوونەتە سەر خەت و ئێستا ھەندێک ڕەوشی مووسڵ بەرەو باشتر دەچێت، ھەرچەندە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی مووسڵ ئاسان نییە."
قائید میرۆ




