٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مێرگەسۆری: بەهەرێمبوونی بەسڕا پەیوەستە بە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری بەھەرێمبوونی پارێزگاكەی پەسەند كرد، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراقیش پێی وایە، داوایەكی رەوایە بۆ بەسڕا، بەڵام زەحمەتە لە ئێستادا سەر بگرێت.

نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فڕاكسیۆنی پارتی لە خوڵی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "بەسڕا یەكێك بووە لە قوربانیانی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی رابردووی عێراق، سەرەڕای ئەوەی بەسڕا خەزێنەی سەرەكیی داھاتی عێراقە، چونكە ٧٠%ی داھاتی حكوومەتی عێراق لە سنووری بەسڕایە تەنیا لە كەرتی نەوتدا، ئەوە جگە لە داھاتە ناوخۆییەكانی خاڵە نێودەوڵەتییەكان، كەچی وەك پێویست ھاوكاریی بەسڕا نەكراوە".

لە عێراق تەنیا ھەرێمی كوردستان ھەیە، بەڵام بەپێی دەستووری عێراق پارێزگاكانی دیكەش مافیان ھەیە داوای ھەرێمی خۆیان بكەن، پێشتریش شاندێكی شاری بەسڕا بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان سەردانی شاری ھەولێریان كردبوو.

مێرگەسۆری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە گوێرەی دەستووری عێراق بەسڕا مافی ھەیە داوای بەھەرێمبوون بكات، بەڵام دروستبوونی ھەرێم پێویستی بە ھەندێ رێكاری یاسایی و دەستووری ھەیە، داواكاریی خەڵك و حكوومەتی خۆجێیی بەسڕا پەیوەستە بە ھەڵوێست و بڕیاری لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە".

نەدا مێرگەسۆری لەو باوەڕەدا نییە لەم قۆناغەدا بەسڕا بتوانێ ھەرێمی خۆی رابگەیەنێت و ده‌شڵێ: "ئاوڕنەداوە لە بەسڕاش دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانەوەی خۆپیشاندان و كێشەی زیاتر بۆ عێراق بە گشتی، خەڵكی لە بەسڕا تا ئێستا خزمەتگوزاریی سەرەتاییان بۆ دابین نەكراوە و پێویستە دەستەڵاتدارانی عێراق ئەوە لە بەرچاو بگرن".

بەسڕا یەكێكە لە گەورە پارێزگاكانی عێراق و جگە لە ھەبوونی سامانی سرووشتیی زۆر، لەو پارێزگایەدا بەندەری ئوم قەسر و چەندین رێگای دیكەی وشكانی و ئاوی بوونەتە سەرچاوەی پەیداكردنی داھات بۆ عێراق.

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار