پارتی ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات پیرۆز دەکات

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی(60)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات
بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و هونەركاران و سەرجەم كارمەندانی رۆژنامەی (خەبات)
ئەمڕۆ(60)ساڵ بەسەر بەئاشکرا دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) رەت دەبێ، یەكەمین و بەتەمەنترین رۆژنامەی رۆژانە لەكوردستان، بەو بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی رۆژنامە ئازیزەکەتان دەكەین و، دەستخۆشیتان لێ دەکەین بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونە بەردەوامەی رۆژانەتان، دڵنیاشین لەوەی بۆ ساڵی داهاتوو بە هەمان گیانی بەرپرسیاریەتی و لەخۆبردووییەوە زیاتر برەو بە كار و هەوڵ و كۆششتان بدەن لە پێناو خزمەتگەیاندن بە رەوتی رۆژنامەگەریی و گەیاندنی پەیامی راستەقینەو رەوای گەلەكەمان بە ناوخۆ و دەوروبەر و جیهان.
راستیەكی حاشاهەڵنەگرە، كە رۆژنامەی (خەبات) وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەو زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان شانبەشانی دەسكەوتەكانی دیكە، دەسكەوتێكی گرنگ و بەرچاوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو بە رابەرایەتی ((بارزانی نەمر)) لە بواری رۆژنامەگەریی كوردیدا، هەروەها سەنگەرێكی دیكەی خۆڕاگریی بوو بۆ داكۆكیكردن لە داخوازیە رەواكانمان و پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی و سەكۆیەكی فرەبەخششی بێ جیاوازی تێكڕای رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان بوو.
ئەو كاروانەی تەمەنی رۆژنامەی (خەبات) سەلماندوویەتی، كە خاوەن ناسنامەی رەسەن و تایبەتمەندیی خۆیەتی لە بواری رۆژنامەنووسیداو لە مێژووی تێكۆشانی رۆڵەكانی گەلەكەماندا رۆڵێكی دیار و كاریگەری گێڕاوە لە رووی هۆشیاركردنەوە و جۆشدانی هەستونەستی نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕیی و پتەوكردنی گیانی تەبایی و یەكڕیزیی و یەكدەنگیی، هەروەها بەو تەمەنە دەوڵەمەند و بەپێزەی توانیویەتی خزمەتێكی زۆری زمان و ئەدەب و كوولتوری نەتەوەییمان بكات.
ھەڤاڵانی بەڕێز..
نكوڵی لە رۆڵی گرنگ و كاریگەری رۆژنامەگەریی لە ھیچ دەورو قۆناغێكدا ناكرێ، بۆیە رۆژنامەی (خەبات) كە هەڵگری ئەو كارنامە زیندووەیە بەحەق جێپەنجەی بەسەر رەوتی سەرفرازانەی رۆژنامەگەریی كوردیدا روون و دیارەو وەكو گەنجینەیەكی سوودمەند و بەهادار سەنگ و كاریگەری خۆی ھەبووە و هەیە، هەر بۆیەش ئەو تەمەنە بێسرەوتنەی لە بەرهەم و داهێناندا مایەی رێز و ستایش و شانازییە.
هیوادارین لەو یادە پیرۆزەدا زیاتر و باشتر لەرووی چەندایەتی و چۆنیەتیەوە بەرەوپێش بچن و وەك هەمیشە برەو بە بنەماورێسا راست و دروستەكانی كاری رۆژنامەگەریی بدەن و لەرووی راستگۆیی و بەرپرسیاریەتیەوە هەر لە پێشەنگ دابن و بەدەنگ خواست و ویستی هاووڵاتیان و كێشە و گیروگرفتەكانیانەوە بچن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پاڵشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون و پێشوەچوونی رۆژنامەكە دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم هەنگاوی نوێتر و بەرهەمدارتر بنێن..
هەزاران سڵاو بۆ یادی رۆژنامەوانانی پێشەنگ و ماندوونەناس..
دروود بۆ گیانی پاكی ئەوانەی لەو رێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو كاروانەیان بەمڕۆكە گەیاند..
بەرزوپیرۆزبێت(60)ساڵ بەرهەم و خزمەتی بێسرەوتنی رۆژنامەی(خەبات)..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
3/4/2019




