٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حزبی شیوعی عێراق کرد

سەرچاوە: KDP.info

برووسكەی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (85)مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عیراقی


بەڕێز/ رائید فەهمی سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق
بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی..


بەبۆنەی(85)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە خەباتگێڕ و دێرینەكەتان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی حزبەكەتان دەكەین، ئومێدەوارین هەمیشە لە پێشكەوتن و سەركەوتندا  بن و لە خەباتی نەپساوەی خۆتان بەردەوام بن لەپێناو بەدیهاتنی گشت ئامانجە رەواكانی گەلانی عێراق و مافەنیشتیمانی و دیموكراسییەكان و بنیادنانی دوارۆژێكی ئارام و بەختەوەر بۆ سەرجەم گەلانی عێراق.


حزبی شیوعی یەكێكە لەو حزبە رەسەنانەی بەدرێژایی كاروانی خەباتی سیاسی و مێژوویی خۆیدا داكۆكیكەرێكی دڵسۆز بووە لە مافە رەواكانی خەڵك و ستەملێكراوان و شانبەشانی هێزو لایەنە سیاسیەكانی دیكە دژ بە رژێمە سەركوتكارەكان رۆڵی كاریگەر و گرینگی خۆی بینیوەو لەو رێگایەشدا قوربانی و شەهیدی زۆری داوە، كە مایەی شانازییە بۆ مێژووی خەباتی ئازادیخواز و دیموكراسیخوازانەی عێراق.

پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هاوپەیمانێكی بەردەوامی خەبات و تێكۆشانمان، هەردەم ئەو كاروانە سەرفرازەی ئێوەی بەرزنرخاندووە و دەنرخێنێت، هەر لەسەرەتای بەرپابوونی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەرابەرایەتی (بارزانی نەمر)وەك داڕێژەری كۆڵەگە پتەوە هاوبەشەكانی ئەو هاوخەباتییە و، كاركردنی لەمەودواش بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنیان لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و ئاشتیدا.


  ئەمڕۆ لەو هەلومەرجە نوێیەی عێراقدا پێویستە و ئەركی سەرشانی گشت پارت و لایەنە سیاسیە دڵسۆزەكانە لە هێزە نیشتیمانی و پێشكەوتنخواز و دیموكراسییەكان  هاوهەڵوێست بن بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان، دیارە ئەمەش لەرێگای كاركردن بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی  و بەرقەراربوونی ئاشتەوایی و سەقامگیریی دێتە دی، هەروەها داننان بەتەواوی مافە نەتەوایەتی و مەزهەبی و ئایینییەكان لەسەر بنەمای یاسا و دەستوورێكی ئەوتۆ مافی تەواوی نەتەوەوگەلانی وڵاتەكە زامن و جێبەجێ بكات.
 
جارێكی دیكە بەبۆنەی (85)ەمین ساَلیادی دامەزراندنی حزبەكەتان پیرۆزبایتان لێدەكەین و ئاواتەخوازین ئەو دەرفەتە هەوێنی زیاتری یەكڕیزیی و تەبایی و برایی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەكان بێ، دووبارەش جەخت دەكەینەوە سەر هاوپەیمانیی و دۆستایەتی بەهێز و لەمێژینە و رەگداكوتاوی نێوانمان و سووربوون لەسەر پتەوكردنی پرەنسیشە راست و دروستەكانی خەبات و تێكۆشانی مەدەنیانە و دیموكراسیانە و بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانمان.


سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی رێگای ئازادی و سەرفرازی..


مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
31/3/2019

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار