٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی نەزاھە: رەوشی مووسڵ گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.. گەندەڵییەكی زۆر كراوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی مووسڵ ھێشتا بەردەوامە و دەشڵێ، خەڵكی مووسڵ داواكاریی سەرەكیان ئەوەیە پێشمەرگە بگەڕێتەوە مووسڵ و دەوروبەری.

هەندرێن لەزگین دۆسكی، ئەندامی لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی مووسڵ بۆ گەیشتن بە راستییەكان، گەندەڵییەكی زۆر كراوە لەو پارێزگایە و تا ئێستاش لیژنەكە بەردەوامە لە كارەكانی، رەوشی مووسڵ گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، ھەر ئەوەش بووە ھۆكار فەرمانی دەستگیركرن بۆ پارێزگار و ژمارەیەك بەرپرسی مووسڵ دەربكرێت و بڕیارە دادگایی بكرێن، ھەموو ئەوانەی تۆمەتبارن بە كەیسی گەندەڵیی مووسڵ ژمارەیان زۆرە و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی تێدان و ھەمووشیان لادراون لە پۆستەكانیان و دادگاییش دەكرێن".

لەبارەی دانانی پارێزگاری نوێوە، ئەندامەكەی لیژنەی نەزاھە دەڵێت: "لە ڕووی یاساییەوە پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پارێزگارێك ھەڵبژێرێت، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەرانیش رۆڵی دەبێت لە پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ مووسڵ".

بڕیار بوو دوای شەڕی داعش بودجەیەكی باش و پڕۆژەی زۆر بۆ خەڵكی مووسڵ دابین بكرێن تا شارەكە لە پاشماوەی شەڕ پاك بكرێتەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان بگەیەنن بە دانیشتووانەكەی، بەڵام وەك ھەندرێن دۆسكی روونی كردەوە: "مووسڵ تا ئێستا بێخاوەنە، بە تایبەتی دوای شەڕی داعش رەوشێكی ئاڵۆزی بە خۆوە بینیوە و لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە ھیچی بۆ نەكراوە".

بەھۆی ھەڵوێستی ھەرێمی كوردستان لە نەھامەتییەكانی مووسڵ و گەیاندنی ھاوكاری بۆیان، خەڵكی پارێزگاكە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ مووسڵ دەكەن، ئەو پەرلەمانتارەش گەڕانەوەی پێشمەرگە بە چارەسەر دەزانێت و دەشڵێت: "باشترین چارەسەر بۆ ھێوركردنەوەی رەوشی مووسڵ، گەڕانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگەیە، چونكە نەمانی ھێزی پێشمەرگە لە مووسڵ و دەوروبەری، كاریگەرییەكی زۆری پێوە دیار بوو لە رووداوەكانی ماوەكانی رابردوو، ھەتا خەڵكی ناوچەكەش خۆیان داواكاریی سەرەكییان ئەوەیە كە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكانی مووسڵ و دەوروبەری لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆ، كە خەڵكی ناوخۆی مووسڵ بن و رەوشەكە كۆنتڕۆڵ بكەن".

ھەر پەیوەست بە جێگیركردنی پێشمەرگە لە مووسڵ، ھەندرێن دۆسكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "وەك ھەنگاوی یەكەم كاریگەری لسەر رەوشی مووسڵ بە گشتی و بە تایبەتی رەوشی ئەمنی دەبێت، دواتر ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو سنوورانە، دڵنیایی دەبەخشێت بە خەڵك و ئیدارەی مووسڵ تا بە بێ ترس بژین، تەنانەت گەر پێشمەرگە لە مووسڵ بێت، گەندەڵكارانیش ناتوانن بەو شێوە بەربڵاوە گەندەڵی بكەن".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار