مووسڵ.. فەرمانی گرتن بۆ پارێزگار و حەوت بەڕێوەبەر دەرچووە

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، بە تۆمەتی گەندەڵی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ پارێزگار و حەوت بەڕێوەبەری مووسڵ دەرچووە. ئاماژەشی دا، ھەرێمی كوردستان چەندین تیمی مەلەوانیی رەوانەی مووسڵ كردووە و تا ئێستاش بە دوای تەرمەكاندا دەگەڕێن.
ھاشم بریفكانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە دادگای مووسڵ فەرمانی دەستگیركردن بۆ پارێزگار و حەوت بەرپرسی دیكەی مووسڵ دەرچووە، لەوانە جێگری كارگێڕی و بەڕێوەبەری دارایی و بەڕێوەبەری گرێبەستەكان و چەند بەرپرسێكی دیكە.
بریفكانی گوتیشی، فەرمانی دەستگیركردنەكە لەسەر گەندەڵییە، كە دۆسیەكە بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە و لە دەزگای نەزاھە بووە و ئێستا دوای لادانی جوڵێندراوە و دادگاش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە، هەروەها حەوت كەسەكە خۆیان رادەست كردووە و بە كەفالەت ئازاد كراون، بەڵام پارێزگار تا ئێستا خۆی رادەست نەكردووە.
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا تەرمی ٩٩كەس گەیندراوەتە پزیشكی دادیی مووسڵ و ٥٥كەسیش رزگار كراون و ئەوانەی دیكەش بێسەروشوێنن، چونكە بەشێك لە تەرمەكان لە گەیارە و شەرگات دۆزراونەتەوە و تەرمەكان لە شوێنی خۆیان نەماون.
دەشڵێ، ھەرێمی كوردستان ھاوكاریی زۆری پێشكەش كردووە لەو رووداوە و ھەر لە رۆژی یەكەمەوە ژمارەیەكی زۆر تیمی مەلەوانیی رەوانەی مووسڵ كردووە و تاوەكو ئێستاش بە دوای تەرمەكاندا دەگەڕێن، جگە لەوەش چەندین ئامبۆڵانسی رەوانەی مووسڵ كردووە بۆ ھاوكاریكردنی خەڵكی مووسڵ لەو رووداوە.
بڵند ئیبراھیم




