٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوای لە کارەکەی لادا"

سەرچاوە: KDP.info

  بەغدا-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بڕیاری لادانی پارێزگاری نەینەوا دەرکرا و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، پڕۆژەکە لە لایەن عادل عەبدولمەھدییەوە ئامادە کرابوو، بڕیارە پارێزگارێکی نوێ بۆ نەینەوا پەسەند بکرێت.

محەمەد ئەمین مزووری، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بە زۆرینەی دەنگ پارێزگاری نەینەوا و ھەردوو جێگرەکانی لە کارەکانیان دوور خرانەوە. لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی لادانی پارێزگاری نەینەوای ئاراستەی پەرلەمان کردبوو دەنگی دژ لەسەر لادانی زۆر نەبوون."

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت: "بەھۆی ئەو ڕووداوەی لە ناوچەی گەشتیاریی جەزیرەی مووسڵ ڕووی دا و زیاتر لە ١٠٠ ھاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی و ئەو مەلەفانەی گەندەڵی لەسەر ئیدارەی شاری مووسڵ ھەبوون پەرلەمان بڕیاری لادانی پارێزگاری نەینەوای دەرکرد."

لەبارەی دانانی پارێزگارێکی نوێوە، مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ نەینەوا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە، بەڵام دوای ئەوەی کاندیدێک پەسەند دەکرێت، ئەوە دیسان پێویستە بە نووسراو ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکرێت و پەرلەمان دەنگ لەسەر دەستبەکاربوونی پارێزگار بدات."

ماوەیەک ھەوڵێکی زۆر ھەبوو تا پارێزگاری نەینەوا، نەوفەل عاکوبی، لەسەر کارەکەی لابدرێت، بەڵام ڕووداوی ٢١ی ئادار زیاتر لادانی پارێزگاری پێش خست.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار