٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆمسیۆن: تا یاسای ھەڵبژاردنەكان هەموار نەكرێتەوە، ھەڵبژاردن بەڕێوە ناچێت

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێ، تا سەرەتای مانگی دابێ یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھەموار نەكرێتەوە، زەحمەتە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ده‌ڵێ: "ئێمە وەك كۆمسیۆن دوای تاوتوێكردنی پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، بڕیارمان دا لە رۆژی ١٦/ ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێمە ئەوەشمان نەشاردووەتەوە كە بەو مەرجە ھەڵبژاردن بەڕێوە دەبەین لەو كاتەدا، پێداویستییەكانی كۆمسیۆن دابین بكرێن".

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "یەكێك لەو پێویستیانە بودجەی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنە، كە حكوومەتی فیدڕاڵ دابینی كردووە و لە ڕووی ماددییەوە كێشەمان نەماوە".

رزگار حاجی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كێشە و ئاستەنگی سەرەكی لە بەردەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنە كە هیی ساڵی ٢٠١٨ـیە، پێش چەند رۆژێكیش نوێنەری كۆمسیۆن ئەوەی بە راشكاوی بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیاندووە كە پەلە بكرێت لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق".

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن رەتی كردەوە بە بێ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكان، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و گوتیشی: "ئەگەر تا ١ی نیسانی داھاتوو پەرلەمانی عێراق یاسای ھەڵبژاردن ھەموار نەكاتەوە، كێشە دروست دەبێت و توانای بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنمان نابێت".

رزگار حاجی حەمە روونی كردەوە: "ھەموو ھەوڵێك دەدەین لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا یاساكە ھەموار بكرێتەوە و بتوانین كاروباری ھەڵبژاردن بكەین، چونكە ئەگەر كاتی پێویست لە بەردەم كۆمسیۆندا نەبێت، ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاری دیكەی دەبێت".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار