مەترسی ھەیە داعش لە سووریاوە بێتە ناو عێراق

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، بە ھۆی ئەوەی داعش لە سووریا زۆر لاواز بووە، دەیانەوێت لەوێوە بەرەو عێراق رابكەن و پارە و زێڕێكی زۆریشیان لایە، بۆیە پێویستە عێراق سنوورەكانی توندوتۆڵ بكات، چونكە ئێستا سنوورەكان زۆر لاوازن و داعش بە ئاسانی دەتوانێ بێتە عێراق.
كەناڵی سی ئێن ئێن، لە زاری بەرپرسێكی ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، بە سەدان چەكداری داعش لە سووریاوە بەرەو عێراق رایان كردووە و پارەیەكی یەكجار زۆریشیان لەگەڵ خۆیان ھێناوە، كە نزیكەی ٢٠٠ملیۆن دۆلار دەبێت.
لەو بارەیەوە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناسر ھەركی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زانیاریمان ھەیە كە چەكدارانی داعش لە سووریا ماون و دەیانەوێت بێنە ناو خاكی، ئهگەر بشیانەوێت بە ئاسانی دێنە ناو عێراق و مەترسیی زۆریش ھەیە".
ھەركی گوتیشی، سنوورەكانی عێراق زۆر لاوازن و ھەر ھێزێك بیەوێت دەتوانێ بێتە ناو عێراق، چونكە ئەو ھێزانەی لەوێن، ھێزی نیشتیمانپەروەر نین و ناتوانن سنوور كۆنتڕۆڵ بكەن، بۆیە پێویستە عێراق ئەمەی لە بەرچاو بێت و لە سووریا داعش خەریكە لەناو دەچێت.
بڵندئیبراھیم




