د. فوئاد و وەزیری گەشتوگوزاری ئوردن كۆ بوونەوە

دوبەی-KDP.info- د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی، لەگەڵ وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری شانشینی ئوردنی هاشمی كۆ بووەوە.
لە پەراوێزی چوارەمین كۆڕبەندی ماڵی و دارایی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، كە ئێستا لە دوبەی لە ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی ئەنجام دەدرێت، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی لەگەڵ خاتوو مەجد شوێكە، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری شانشینی ئوردنی هاشمی كۆ بووەوە.
لەم دیدارهدا پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات باسی لێوە كرا و جەخت لەسەر بەهێزتركردنی هەماهەنگیی هاوبەش كرایەوە لە كەرتی گەشتوگوزاردا، بە تایبەتی گەشتیاری پزیشكی بە مەبەستی چارەسەری و ئاسانتركردنی رێوشوێنی ڤیزا بۆ ئەو عێراقیانەی دەیانەوێ بچنە ئوردن.
خاتوو شوێكە، دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئوردن هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە لەبارەی پێدانی ڤیزا بە ڕێگەی ئەلیكترۆنی، یانیش رێگەی دیكە بۆ ئاسانتركردنی هاتوچۆی هەردوولا بە مەبەستی جیاجیا.




