بڕیارە بودجە بخرێتە دەنگدانەوە
__2019_01_23_h17m12s42__HK.jpg)
بەغدا -KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێ، ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2019ی عێراق لە لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو بوو، بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارەیش بخرێتە دەنگدانەوە.
د. ڕێبوار هادی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2019ی عێراق لە لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو بوو، بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە كاتژمێر 7 بخرێتە دەنگدانەوە."
د. ڕێبوار هادی پێوەست بە مافە داراییەكانی كورد ڕوونی كردەوە: "سەداسەد خواستی كورد جێبەجێ نەكراوە، بەڵام ئەوەی بۆ كورد دیاری كراوە قایلكەرە بۆ ئێمە. ئاخر مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێم جێگیر كراوە و ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە، بەڵام چاومان لە شتی زیاترە."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا: "خواستی زۆرینەی لایەن و قەوارەكانی عێراق لە نێو پڕۆژەیاسای بودجەدا جێی كراوەتەوە، بە بۆچوونی من ئەمڕۆ پرۆژەكە دەخرێتە دەنگدانەوە و تەواو دەكرێت."
د. میادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمان کۆ بێتەوە و دەنگ لەسەر بودجە و تەواوکردنی حکوومەت بدات، بەڵام بە ھۆی ئەوەی لیژنەی دارایی کاری خۆیان تەواو نەکردبوو کۆبوونەوە لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ سەعات حەوتی شەو دوا خرا."
د. میادە نەجاڕ گوتیشی: "بڕیارە دوای تەواوکردنی کاری لیژنەی دارایی، سەعات حەوتی ئەمشەو پەرلەمان کۆ بیتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر تەواوکردنی حکوومەت و بودجە بدات."
گوتیشی: "لە پڕۆژەیاسای بودجەدا داواکاریی کوردیش جێگیر کراوە و ھەوڵ دەدەن دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت."
سەرباز واحد-بڵند ئیبراھیم




