عادل عەبدولمەهدی ئامادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت

بەغدا-KDP.info- سبەینێ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئامادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت، ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەیش دەڵێ، بە مەبەستی خستنەڕووی هەڵسوكەوتی ناشاییستەی چەند وەزیر و وەزارەتێكە لەگەڵ نوێنەرانیان، كە بەپێی پڕۆتۆكۆڵ مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لە دانیشتنی ئەنجوومەنەكەدا عادل عەبدولمەهدی ئامادە دەبێت، بێ ئەوەی هۆكارەكەی روون بكاتەوە.
لەو بارەیەوە، دانا شەهید جەزا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆكارەكەی روون دەكاتەوە، كە هەندێ لە وەزیر و وەزارەتەكان بە شێوەیەكی شاییستە مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ناكەن، ئەوە یەكێك دەبێت لە بابەتەكان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، هەندێ بابەتی پڕۆتۆكۆڵی هەن، كە ئەندامی ئەنجوومەن هاوتای پلەی وەزیرە، لە كاتی هەوڵدان بۆ دەستخستنی زانیاری لەسەر وەزیرێك یا وەزارەتێك، پێویستە خودی وەزیر خۆی بە دەم داوای ئەندامانی ئەنجوومەنەوە بڕوات، بەڵام هەندێ وەزیر كەسێكیان لە خوار بەڕێوەبەری گشتییشەوە وەك نوێنەر دیاری كردووە، كە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتاردا بكات، ئەوەش لای ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران نیگەرانیی دروست كردووە.
دانا شەهید جەزا، ئەوەشی ئاشكرا كرد، نیگەرانیی ئەندامانیان لەسەر هەندێك وەزیرە، كە چەند كەسێكیان بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستنیشان كردوون، كە ئەوەش پێچەوانەی پڕۆتۆكۆڵە.
ئەو دەشڵێ، وەزیر بانگ كراوە، بیانووی دۆزیوەتەوە و نەچووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، هاوكات بۆ وەرگرتنی زانیاری، نوێنەران هەوڵیان داوە، بەڵام بێئاكامیان كردوون. پێیشی وایە، ئەوەش بەو دانیشتنەی عادل عەبدولمەهدی چارە دەكرێت، كە دواتر وەك تێبینی بیداتە وەزیرەكانی، هەروەها بە هۆی زۆریی كوتلەكانیشەوە، ئەو وەزیرانە بە خۆیاندا دەچنەوە، بەو پێیەی ئەندامانی ئەنجوومەن لە بەغدا دەتوانن رای گشتیی شەقامیان لێ بورووژێنن.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران، جەختی لەوەش كردەوە، هێشتا ئەجێندای دانیشتنەكەی سبەینێ دیاری نەكراوە، بەڵام لەسەر داوای نوێنەران لەسەر پرسی چۆنیەتیی مامەڵەكردنی وەزیرەكان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەو دانیشتنە بانگهێشت كراوە، وەك خۆی گوتی: "بۆی هەیە دانیشتنەكەش دوا بخرێت".
خێڵان بەختیار




