٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ھێزی ئەمەریکا لە چەند بنکەیەکی مووسڵ جێگیر دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- بەشێک لەو ھێزانەی ئەمەریکا کە لە سووریا دەکشێنەوە، گەیشتوونەتە شاری مووسڵ. بەرپرسێکی مووسڵیش دەڵێ، ئەمەریکا دەیەوێ ژمارەیەک بنکەی خۆی لە مووسڵ بکاتەوە و سەربازەکانی تێدا جێگیر بکات.

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دەرکرد بۆ ئەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بکێشێتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لەو ھێزە ئەمەریکاییە گەیشتووەتە شاری مووسڵ و کەرکووک. لەوبارەیەوە، ھاشم بریفکانی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشکرای کرد: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھێزی ئەمەریکا دوای ئەوەی لە سووریا کشاوەتەوە لە سنووری مووسڵ جێگیر کراون."

سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ھەرچەندە زانیاریمان نییە لەبارەی ژمارەی ھێزەکانی ئەمەریکاوە، بەڵام لە بنکەکانی غەزلانی و فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی نەینەوا و ناوچەی شەلالاتی نزیک مووسڵ جێگیر دەکرێن، ھێشتا بۆمان ڕوون نەبووەتەوە بە شێوەیەکی ھەمیشەیی ئەو ھێزانەی ئەمەریکا جێگیر دەکرێن، یان بۆ کاتێکی دیاریکراوە."

ھاشم بریفکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر باشتربوونی ڕەوشی ئەمنیی شاری مووسڵ دەبێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار