پەرلەمانی عێراق ڕەتی دەکاتەوە گۆڕانکاری لە کاندیدانی ئەو وەزاەرتانەی ماون کرابێت
__2019_01_08_h16m20s57__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو نووسراوەی لە چەند میدیایەک بڵاو کراوەتەوە، کە گوایە سەرۆکوەزیران گۆڕانکاریی لە کاندیدانی ئەو سێ وەزارەتەی ماون کردووە، ڕاست نییە و نووسراوی لەو جۆرە بۆ پەرلەمان نەناردراوە.
لە نووسراوێکدا، کە گوایە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی بۆ پەرلەمانی ناردووە، گۆڕانکاریی لە کاندیدی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ و داد کردووە، بە جۆرێک بۆ وەزیری ناوخۆ، فالح فەیاز و بۆ وەزیری بەرگری، سەلیم جبووری و بۆ وەزارەتی داد، دادوەر ڕزگار ئەمین کاندید کراون.
سەبارەت بەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە، د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو نووسراوەی لە چەند میدیایەک بڵاوکراوەتەوە، ساختەیە و ھیچ بنەمایەکی بۆ نییە و ھیچ نووسراوێکی لەوشێوەیە بۆ پەرلەمان نەناردراوە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "لە نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانیش ڕوونکردنەوە دراوە کە نووسراوی لەو جۆرە بە دەست ئەوان نەگەیشتووە، بۆیە تا ئێستا وەک خۆیەتی و ھیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە."
بڵند ئیبراھیم




