بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكەوێتە ساڵی ٢٠٢٠

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەران و كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیارێك لەبارەی چارەنووسی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاكانی عێراقەوە بدەن، ئەندامێكی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكانیش ئاماژەی دا، پێشنیاز كراوە ساڵی ٢٠٢٠ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنە خۆجێییەكان بكرێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پاێزگاكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە وادەی یاسایی كاركردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكانی عێراق كۆتایی ھاتووە و لە ئەمساڵدا ھەڵبژاردن ئەنجام نەدرا، بەڵام ھەوڵێك ھەیە بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو بابەتە ببینینەوە، وەك پەرلەمان نووسراومان ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە لە سەرەتای مانگی دابێت ئامادە بن لە لیژنەی یاسایی و ھەرێم و پارێزگاكان بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی بەسەرچوونی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاكان دابنرێت".
ئەندامەكەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "دەمانەوێ لەگەڵ كۆمسیۆن بگەینە رێككەوتن رۆژێك بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاكان دیاری بكرێت و یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنهخۆجێییەكانیش ھەموار بكرێتەوە، چونكە جگە لە ھەرێمی كوردستان، پێویستە ھەڵبژاردن بۆ ئەو ئەنجوومەنانە بەڕێوە بچێت".
دووبەردانی دەشڵێت: "لە ھەر ئەگەرێكدا لە ساڵێك كەمتر نابێت ھەڵبژاردن دوا بخرێت، كەواتە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی و پارێزگا و قەزاكانی عێراق دەكەوێتە ساڵی ٢٠٢٠، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش پێشنیازی كردووە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكان بۆ ئەوكات دوا بخرێت، واتە لە نێوان ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاكاندا، دوو ساڵ هەبێت".
ئەو هەروەها لەبارەی ئەنجوومەنی ناحیەكانیشەوە گوتی: "پێشتر بڕیار دراوە لەسەر ئەو ئەنجوومەنانە، ئیدی ھیچ كاریان پێ ناكرێت و ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی ناحیەكانی عێراق ناكرێت".
قائید میرۆ




