٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مەیادە نەجاڕ: بڕگەیەک لە پرۆژەیاسای بوودجە لە بەرژەوەندی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێم زیاد دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی پەرلەمانی عێراق گوتی، بە پێی پڕۆژەیەکی فراکسیۆنی پارتی و پشتگیریی وەزیری داراییی حکوومەتی عێراق، کە پشکی پارتییە، لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا برگەیەک زیاد دەکرێت، کە ساڵی دابێ حکوومەت پابەند دەکات مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگە دابین بکات.

د. میادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا پشکی کورد زیاد بکرێت و داواکاریی کورد جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ھەوڵەکان بەردەوامن و تا ئێستاش ئەنجامی زۆر باشی ھەبووە و بڕیارە دوای سەری ساڵ دووبارە گفتوگۆکانی بوودجە دەست پێ بکەنەوە."

د. میادە نەجاڕ گوتیشی: "بە پێی پرۆژەیەکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە وەزیری داراییش، د. فوئاد حوسێن، پشتگیریی کردووە، توانراوە برگەیەک بۆ پڕۆژەیاسای بوودجە زیاد بکرێت، حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی داھاتووەوە پابەند دەکات مانگانە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دابین بکات، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئێمە لە بەغداین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان و بەردەوامیش دەبین و درێغی ناکەین."

نەجاڕ باسی لەوەش کرد: "ھەرکاتێک پڕۆژەیاسای بوودجە پەسەند بکرێت دەبێتە یاسا و پێویستە حکوومەتی عێراق پێیەوە پابەند بێت و جێبەجێی بکات، چونکە ئەگەر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، ناتوانێ سەرپێچیی یاسا بکات."

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار