٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ترامپ لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق دوو پەیامی پێ بووە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، سەردانی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق، بۆ گەیاندنی دوو پەیام بووە، یەكەم ئەوەیە كە ئەو ھەردەم لە ھێزەكانییەوە نزیكە و پەیامی دووەمیش ئەوەیە كە ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەمێننەوە و بەردەوامیش دەبن لە شەڕی داعش.

سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ، دوێنێ ئێوارە لەناكاو سەردانی عێراقی كرد و چووە سەربازگەی عەین ئەسەدی رۆژئاوای بەغدا و جەژنی سەری ساڵی لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی لە سەربازگەكەدا پیرۆز كرد، ئەمەیش كاردانەوەی بە دوادا ھات و بەرپرسانی عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی كە ترامپ بە نھێنی سەردانی عێراقی كردووە و دواتریش كۆشكی سپی بڵاوی كردەوە كە، سەرۆكی ئەمەریكا راستە لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق چاوی بە ھیچ بەرپرسێكی ئەو وڵاتە نەكەوتووە، بەڵام بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران كردووە و بانگھێشتی كردووە بۆ ئەمەریكا.

ھەر لەوبارەیەوە، ناسر ھەركی، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "سەردانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق بە نھێنی، رەنگە مەبەستی تایبەتی خۆی ھەبێت و ئەمەیش دوای ئەوە ھات كاتێك بڕیاری كشانەوەی سەربازانی خۆی لە سووریا دا، گلەیی ئەوەی لێ كرا كە ئاگای لە ھێزەكانی خۆی نییە، بۆیە ئەویش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو دەنگۆیانە، سەردانی سەربازانی خۆی لە عێراق كرد و باسی لەوە كردووە كە ئەو ھەمیشە لە نزیك ئەوانە و ھەر بڕیارێكیش بدات لە بەرژەوەندیی ئەمەریكادایە".

ھەركی گوتیشی، پەیامێكی دیكەیش، رەنگە ئەوە بێت كە ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەمێننەوە و ناكشێنەوە و بەردەوامیش دەبن لە شەڕی تیرۆر، زیاتر ئەو دوو مەبەستەی ھەبووە.

دەشڵێ، دوای سەردانەكەی بۆ عێراق، سەرۆكی ئەمەریكا داوای كردووە سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمەریكا بكات و پێكەوە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراقەوە بكەن، چونكە سەردانەكەی بۆ عێراق، پەیامێكە كە درێژە بە شەڕی داعش دەدەن و جارێ باسی كشانەوەی ھێزەكانیان لە ئارادا نییە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار