٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە حەویجە دوزراوەتەوە و ڕۆفاتی سەدان کەسی تێدایە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info-  زنجیرەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی داعش لە سنووری قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکووک دوزراونەتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردووش گۆڕێکی گەورەی بەکۆمەڵ لە نێو دارستانێکی قەزاکە دوزراوەتە کە ڕۆفاتی سەدان کەسی تێدایە. بەرپرسێکی شاری کەرکووکیش دەڵێ، چاوەڕێی لیژنەی پشکنینی بەغداین، بۆ ئەوەی وردەکاریی ڕۆفاتەکان بزانین.

جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی قەزای حەویجەوە ئاشکرای کرد: "دوای ئازادکردنی حەویجە ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام وەک ئێمە ئاگادار کراوینەتەوە گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە، جیاواز لەوانی دیکە ژمارەیەکی زۆر ڕۆفاتی تێدایە، بە ھۆی ئەوەی ھەینیی بەسەردا ھاتووە و پێویستە لیژنەی پشکنین لە بەغداوە بێتە کەرکووک، ھێشتا لێکۆڵینەوەی تێدا نەکراوە و بڕیارە ڕۆژانی دابێت لیژنەی مافی مرۆڤ و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان سەردانی ناوچەکە بکەن."

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان سەدان کەس لە لایەن داعشەوە لە نێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی دارستانەکانی حەویجە وەبن خاک نراون و بە پێی جلوبەرگی ڕۆفاتەکان خەڵکی مەدەنی و سەربازیشی تێدایە، ڕاستە ھێزەکانی عێراق دەڵێن گۆڕەکە شەشھەزار ڕۆفاتی تێدایە، بەڵام ئەمە ژمارەیەکی فەرمی نییە و پێویستی بە پشکنین ھەیە."

جوان حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان پێک ھاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، خۆم نوێنەری کەرکووکم لە ناو لیژنەکەدا، بەڵام بە ھۆی ڕووداوەکانی داگیرکاریی کەرکووکەوە لیژنەکە نەیتوانیوە سەردانی کەرکووک بکات، لەبەر ئەوە پێویستە ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بێت لە ھەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی قەزای حەویجەدا."

لەبارەی ھەبوونی ڕۆفاتی کورد لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی حەویجەدا، حەسەن گوتی: "دەیان پێشمەرگە بە دیلی کەوتوونەتە دەست داعش و سەدان ھاووڵاتیی کورد بێسەرۆشوێنن، بێگومان پێویستە پشکنینی پزیشکی بۆ ڕۆفاتەکان بکرێت، تا بزانین کوردی تێدایە، یان نا، لە ئێستاوە نازانین ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە چەند کوردی تێدایە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار