پادشای شانشینی ئوردن و د. فوئاد حوسێن كۆ بوونەوە

ئوردن-KDP.info- لە شاری عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردنی هاشمی، خاوەنشكۆ پادشا عەبدوڵڵای دووەم، پێشوازی لە د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران-وەزیری دارایی عێراق كرد.
لەم دیدارەدا، كە خاتوو سەفیە سوهێل، باڵیۆزی عێراق لە شانشینی ئوردن ئامادەی بوو، پەیوەندیی برایانە و مێژوویی نێوان كۆماری عێراق و شانشینی ئوردنی هاشمی باسی لێوە كرا و جەخت لە گرینگیدان بە پێشخستنی ئەم پەیوەندیانە كرایەوە لە هەموو بوارەكاندا بۆ بەرژەوەندیی نێوان هەردوو گەلی برا.
هاوكات دووپات لەسەر فراوانتركردنی بوارەكانی هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان عێراق و ئوردندا كرایەوە، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و هەردوو كەرتی وزە و گواستنەوە، شاعەبدوڵڵا ستاییشی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیەی كرد و پاڵپشتیی ئوردنی بۆ دووبارە بونیادنەوە و ئاوەدانكردنەوەی عێراق، دووپات كردەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، جێگری سەرۆكوەزیران هەڵوێستی شانشینی ئوردنی هاشمی بە سەركردایەتیی خاوەنشكۆ شاعەبدوڵڵا بەرز نرخاند و، دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی عێراق كار بۆ بەهێزكردن و فراوانتركردنی هەماهەنگی و هاوكاریی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئوردندا دەكات.
شیاوی باسە، لەم دیدارەدا ڕاوێژكاری خاوەنشكۆ شاعەبدوڵڵا و بەڕێوەبەری نووسینگەكەی ئامادە بوون.




