٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دەستەی دەستپاکی لە گەندەڵییەکانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەکۆڵێتەوە

سەرچاوە: KDP.info


كەركووك-KDP.info-   فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕاکان سەعید، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەرچووە و بەرپرسێکی کەرکووکیش پێی وایە، ڕاکان سەعید داھێنەری زێدەڕۆیی و گەندەڵییە لە کەرکووک و دەبێ دەستگیر بکرێت.

 

بە پێی فەرمانێکی دەستەی نەزاھە لە کەرکووک بە ھۆی ئەنجامدانی گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕاکان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لە لایەن دەستەی نەزاھەوە دەرچووە و بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا دەستگیر بکرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان دەربارەی فەرمانی دەستگیرکردنی ڕاکان سەعید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرای کرد: "لەو ماوەیەی ڕاکان سەعید پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بووە، گەندەڵیی ئیداری کەرکووکی تەنیوە و ھیچ نەماوە ئەنجامی نەدات، چونکە ئەنجومەنی پارێزگا بە ھۆی داگیرکارییەوە کۆبوونەوەی نەکردووە، کەس نەبووە لێپرسینەوە لە گەندەڵییەکانی ڕاکان سەعید بکات."

 

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان دەڵێت: "پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لە دوای داگیرکارییەوە دەستی بە زێدەڕۆیی و تەعریب کردووە و خۆی بەرھەمھێنەری زێدەڕۆییە لە شاری کەرکووک، ھیچ کارێکی بە پێی یاسا و دەستوور بەڕێوە نەبردووە، ھەمووی بە ئارەزووی خۆی بەڕێوە بردووە، بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ھەڵکوتانە سەر ھاووڵاتییانی کەرکووک چەندین ھاووڵاتیی شاری کەرکووک سکاڵایان لەسەری ھەیە و خەڵک بەدەست پارێزگاری سەپێندراوەوە ھاواریان لێ ھەڵساوە."

 

عیرفان کەرکووکی، کە ھاوکات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیشە، ڕوونی کردەوە: "پارێزگاری سەپێندراو چەندین کەسی لە خزمەکانی دامەزراندووە و خۆیشی لەبری بەرگری لە ھاووڵاتییان زۆڵم و ستەمی لە دانیشووانی کەرکووک کردووە، ئینجا بڕیاری دەستگیرکردنەکەی لەجێی خۆیەتی و ئەمڕۆ، یان سبەی ھەردەبێ لێپرسینەوە لەو ھەموو گەندەڵییە بکرێت."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار