لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر سێ وەزیری دیکەی کابینەی نوێ درا

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر پێنج وەزارەتی دیکە درا، سێ لەوانە پەسەند کران و دووانیش دەنگی پێویستیان بەدەست نەھێنا و دواتریش نیسابی یاسایی ئەندامان تێک چوو، کۆبوونەوەکەش بۆ پێنجشەممە دوا خرا.
ھندرێن لەزگین دۆسکی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و تێیدا دەنگ لەسەر کاندیدی ھەریەکە لە وەزارەتەکانی پلاندانان و پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران و ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا درا، بەڵام کاندیدی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران دەنگی پێویستیان نەھێنا و لە سێیەکەی دیکەش، نووری دلێمی بۆ وەزارەتی پلاندانان و قوسەی سوھەیل بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و عەلی عەبدولئەمیر بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری پەسەند کران."
ھندرێن لەزگین دۆسکی گوتیشی: "دوای دەنگدان لەسەر ئەو پێنج وەزارەتە نیسابی یاسایی تێک چوو، بۆیە دەنگدان لەسەر وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و داد بۆ پێنجشەممە دواخرا."
بڵند ئیبراھیم




