ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتان بۆ لیژنەی دەستووری سووریا بەڕێوە دەچێت

دهۆك- KDP.info- ئەندامێكی كورد لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دیمستۆرا لەگەڵ نوێنەری هەرسێ وڵاتی ڕووسیا، توركیا و ئێران، دەربارەی مەلەفی سووریا لە جنێف كۆ دەبێتەوە.
شەلال گەدۆ، نوێنەری ئەنەكەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانی دیمستۆرا، نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا، لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی گرانتۆر دەربارەی لیژنەی دەستووری بەڕێوە دەچێت.
گەدۆ ئاماژەیشی دا: "باوەڕمان وایە كۆبوونەوەكە ئەنجامی باشی دەبێت بۆ ڕەشنووسی كۆتایی دەستووری سووریا، كە پێشتر لیژنەیەكی بۆ پێك هاتبوو".
نوێنەری ئەنەكەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەشڵێ، ئەنەكەسە توانیویەتی كەیسی كورد لە ڕۆژئاوادا بەنێودەوڵەتی بكرێت، كەچی تا ئێستایش پەیەدە داردەستی هێزە دەرەكییەكانە.
كاروان باعەدری




