٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سێ لیژنەی پەرلەمانی بەر كورد دەكەون.. سێشەممە یەكلا دەكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info


بەغدا-KDP.info-  نوێنەرێكی كورد لە بەغدا دەڵێ، دابەشكردنی لیژنەكان لەم خوولەدا، گرێ دراوە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردنەوە، سێشەممەیش لیژنەكانی پەرلەمان یەكلا دەكرێنەوە و سەرۆكایەتیی سێ لیژنە بەر كورد دەكەون.

دیار تەییب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بڕیارە سێشەممەی دابێ لیژنەكانی پەرلەمان یەكلا بكرێنەوە، هەتا  ئێستا كە دیاری كراوە تەنیا 3 لیژنە بۆ كورد دانراون و بەر كورد دەكەون، بڕیار نەدراوە كامە لیژنانەن، بەڵام ڕەنگە لیژنەی یاسایی، نەوت و غاز و ئەوانی دیكەیش لیژنەی خزمەتگوزاری بن".

تەییب گوتیشی، دابەشكردنی لیژنەكان لەم خوولەدا، گرێ دراوە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردنەوە، وایش دانراوە كە یەكەم جار شیعەكان لیژنەكانی خۆیان ببەن، پاشان ئەوانی دیكە بدرێنە سوننە و كوردەكان، بۆیە سێشەممە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان یەكلا دەكرێنەوە.

ئەو هەروەها نایشارێتەوە كە لە دانوستانەكاندا لاوازیی كورد بە ئاشكرا دیار بوو و جەخت دەكاتەوە: "نەبوونی یەكڕیزی لەناو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكاندا، وای كرد كە وەزارەتێك لە دەست بدەین و لە جیاتی چوار وەزارەت، بە منەتەوە 3 وەزارەت بە ئێمە بدەن، لە لیژنەكانیشدا دەبووایە 4 لیژنە بەر كورد كەوتبان، بەڵام سێ لیژنە بۆ كورد دانراون."

وەك ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، گەر هیچ كێشەیەك نەهێتە پێشەوە، ڕەنگە هەر لە سێشەممەی داهاتوودا ئەگەر دەنگ لەسەر 8 وەزارەتیش نەدرێت، دەنگ لەسەر هەندێك لە وەزارەتەكان بدرێت.

ڕابین شێروانی 

هەواڵی پەیوەندیدار