٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئێزدی و مەسیحییەکان: بڕیارەکەی ترامپ ئۆمێدبەخشە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- کوردانی ئێزدی و مەسیحی خۆشحاڵن بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئێزدی و مەسیحییەکان و دەشڵێن، ئۆمێدی پێ داون بۆ بە جینۆسایدناساندنی کەیسەکەمان.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، چوارشەممە (١٢-١٢-٢٠١٨)، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ئامادەبوونی مەسیحی و ئیزدییەکان بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانی داعش دژی ئێزدی و مەسیحییەکان و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆیانی واژۆ کرد.

هەیسەم پترس، کەسایەتیی مەسیحی و شارەزای کاروباری مەسیحییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ گرنگ و ئۆمێدبەخشە، چونکە ئێستا مەسیحییەکان لە ڕەوشێکی ناخۆشدان و هێوادارین ئەم بڕیارە جیگای خۆی بگریت و چیتر لە عێراقدا ڕووبەڕووی جینۆسایدی تر نەبینەوە."

مەسیحییەکان لە عێراقدا، بە تایبەت شاری مووسڵیان لێ قەدەغە کرابوو و هەمووشیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندبوو، کوردستان ماڵی هەمووانە و دەبێ ڕێزیش لە هەموو کەس بگیرێت.

گوتیشی: "ئەگەر کوردستان نەبووایە، تا ئێستا مەسیحییەکان ئازاریان دەچێشت و ناخۆشییان دەدیت و و ئامادەبوونی مەترانی مەسیحییەکان لە لای ترامپ هیوای بۆ ئێمە دروست کرد کە ئیتر لە هەرێمی کوردستان دەژین و ئەوەی بەسەرمان هاتووە جینۆسایدە."

خالد تەعلۆ، کەسایەتیی ئێزدی و قوربانیی کۆمکوژیی ئێزدییان لە لایەن داعشەوە دەڵێت: "ئەو بڕیارەی ترامپ بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئێزدییان زۆر گرنگە، چونکە حکوومەتی عێراق هیچ هاوکاریی ئەو کەیسە ناکات و هیچ کەسیشی لە ڕفێنراوەکانمان ڕزگار نەکردووە، تەنیا هەرێمی کوردستان ڕزگاری کردووین."

خالد تەعلۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بەجینۆسایدناساندن و پاڵپشتیی کەیسەکەمان دەبێتە هۆکارێک کە جارێکی تر هێوامان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە ئێستا شارەکانمان وێرانن و چەندین کەس لە ماڵبەتەکەمان لەدەست داعشدان."

ئێستا تەواوی ئێزدییەکان لە هەرێمی کوردستانن، بڕوایان بە حکوومەتی عێراق نییە، چونکە لە کاتی هاتنی داعشەوە تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی پێشکێش نەکردوون و لە پرسی بەجینۆسایدناساندنیشدا هاوکارییان ناکات و کوسپ دروست دەکات.

کــاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار