ئاستەنگی زۆر دەخرێنە بەردەم حكوومەتی نوێی عێراقەوە

ھەولێر-KDP.info- شارەزایان ئاماژە بە ئاستەنگەكانی بەردەم كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكەن و، چاودێرێكی سیاسییش ئاشكرای كرد، ھەڕەشەی خۆپێشاندان لە سەرۆكوەزیران دەكرێت، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێ، ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی شكست بە حكوومەتی عێراق بھێندرێت.
ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی دا: "ئەگەری پەسەندنەكردنی ھەشت وەزیرەكەی كابینەی عادل عەبدولمەھدی، بۆ نەبوونی سازان و رێكنەوتنی كۆتلەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەگەڕێتەوە".
زێباری، لە لێدوانەكەیدا روونی كردەوە: "كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان سەركردە باڵاكانی شیعە، زۆر قۆڵ بوونەتەوە و كار بۆ ناسەقامگیریی حكوومەتی عێراق دەكەن، بە تایبەتی كۆتلەی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، ھەوڵ بۆ شكستپێھێنانی حكوومەتی عێراق دەدەن، ئەمەیش دژی گەل و وڵاتەكەیە، ئەوەیشی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رووی دا، پەیامێكی ڕوونە بۆ بەردەوامیدان بە ھەوڵی ھاوشێوە".
هاوكات ئاسۆ كەریم، چاودێری سیاسی، باوەڕی وایە كێشە و ئاستەنگی زۆر لە بەردەم حكوومەتی ئێستای عێراقدان و دەشڵێت، چەندین تەحەددیاتی گەورە لە بەردەم عێراقدان، ھێشتا داعش كۆتایی نەھاتووە لە عێراق و نێو ماڵی شیعە لێك ترازاوە و بەسەر دوو بەرەی جیادا دابەش بوونە، ناوچەی سوننەنشین وێرانەیە و پێویستی بە خزمەتگوزاری ھەیە، لە لایەكی دیكەوە گەندەڵی گەییشتووەتە لوتكە و ھەموو سنوورێكی بەزاندوە، خەڵك داوای ژیان و خزمەتگوزاری و ئارامی دەەن، لەبەر ئەمەیش چارەكردنی ئەو ھەموو كێشانە كارێكی ئاسان نییە".
ئاسۆ كەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتیشی: "سەرۆكوەزیرانی عێراق راستە كەسێكی تێگەییشتووی نزیك لە كورد و سوننەیە، بەڵام بە تەوافوق كراوەتە سەرۆكوەزیران و ھیچ كوتلەیەكی پەرلەمانی لە پشت نییە بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی سەر بگرن، بینیمان لە پەرلەمان رێگە نەدرا دەنگ بە كاندیدی وەزارەتەكان بدرێت و ھەموو رۆژێ ھەڕەشەی خەڵك ھێنانەسەرشەقامی لێ دەكرێت، ئەمە گرفتێكی زۆری بۆ عادل عەبدولمەھدی دروست كردووە، من ناڵێم لە داهاتوویەكی نزیكدا شكست دەخوات، بەڵام نایشبێت گەشبین بین."
قائید میرۆ




