"ئەستەمە ئەمڕۆیش دەنگدان بۆ تەواوكردنی كابینەی نوێ ئەنجام بدرێت"

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەیش دەڵێ، ئەستەمە پڕۆسەی دەنگدان بۆ بەربژێری 8 وەزارەتەكە بەڕێوە بچێت، چونكە لە نێوان لایەنەكاندا رێككەوتن نەكراوە.
د. ئارام باڵەتەیی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دەنگدان بۆ ئەو 8 وەزارەتەی ماون لە كابینەی نوێ حكوومەتدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام پێناچێت پرۆسەكەی دەنگدان وەك رۆژی سێشەممە ئەنجام بدرێت، چونكە تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك لە نێوان لایەنەكاندا نییە ."
وەك باڵەتەیی ئاماژەی بۆ كرد: "چەندین لایەنی جیاواز بەرانبەر یەكدی هەڵوەستەیان هەیە، لەوانە بەرەی ئیسلاح و سائیروون و حیكمە و نەسر و هەروەها بەشێك لە سوننەكانیش لەگەڵ كوتلەی بینای هادی عامری و نووری مالیكی و قەیس خەزعەلی، بۆیە من وای دەبینم لەبەر ئەم كێشانەی هەیە ئەمڕۆ دەنگدان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەت نەكرێت."
جێگای وهبیرخستنهوهیه كه شەوی دووشەممە 3-12-2018، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لیستی ناوی بەربژێرەكانی بۆ ئەو 8 وەزارەتەی ماون لە كابینەی حكوومەتەكەی، پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران كرد كە پێك دێن لە: فالح فەهد فەیسەڵ فەیاز، وەزیری ناوخۆ، فەیسەڵ جەربا، وەزیری بەرگری، قوسەی عەبدولوەهاب سوهێل، وەزیری خوێندنی باڵا، د. سەبا خەیرەددین تائی، وەزیری پەروەردە، عەبدولئەمیر حەمدانی، وەزیری رۆشنبیری، هەناو عەمانوئێل گۆرگیس، وەزیری كۆچ و كۆچبەران، د. نووری ناتق دلێمی، وەزیری پلاندانان، دادوەر دارا نووردەین، وەزیری داد.
نەشوان بەرزنجی




