٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لەسەر بنەمای "تاقیکراو تاقیناکرێتەوە" سائیروون دژی دوو کاندیدە

سەرچاوە: KDP.info
 
بەغدا-KDP.info- لە سەر بنەمای تاقیکراو تاقیناکرێتەوە، کوتلەی سائیروون دژی دوو بەربژێره‌ بۆ وەرگرتنی دوو وەزارەت، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت، تا ئێستاش سائیروون سوورن لەسەر رەتکردنەوەی هەردوو کاندیدەکە.
 
دوای ئەوەی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی ناوی هەشت كاندیدی بۆ ئەو وەزارەتانەی كە تا ئێستا یەكلا نەكراونەتەوە دایە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەندامانی هەندێ لیست كێشە و ئاڵۆزییان دروست كرد و كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی پێنجشەممە دوا خرا.
 
بەیار تاهیر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، هەر سەرەتایش ئەو لایەنانەی ناكۆكییان لە نێواندا هەبوو، هەوڵیان دەدا رێژەی یاسایی دانیشتنەكە تەواو نەكرێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.
 
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی، ئاماژەی بە ڕەزامەندنەبوونی سائیروونی سەر بە موقتەدا سەدر كرد، كە لەسەر فالح فەیازی كاندیدی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، هاوكات لەسەر فەیسەڵ جەربا بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری هەبووە، هاوكات كوتلەی میحوەری سوننەیش رەزامەند نەبوون بە فەیسەڵ جەربا.
 
هەر لە سەرەتای هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی كابینەی نوێ، دووچاری كێشەی دیاریكردنی وەزیرەكانی حكوومەتەكەی بووەوە، ئەوە بوو پاش ٢١ رۆژ لە دانوستان و كێشمەكێش، لە ٢٢ وەزیر، كە عەبدولمەهدی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی پێشنیازی كردن، تەنیا ١٤ وەزیر یەكلا كرانەوە.
 
بەپێی زانیاری مێدیا عێراقییەکان، هۆكاری رەزامەندنەبوونی سائیروون، كە خاوەنی ٥٤ كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، لەسەر هەر یەكە لە فالح فەیاز بە وەزیری ناوخۆ و، فەریقی فڕۆكەوان فەیسەڵ جەربا بۆ وەزیری بەرگری، بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە، كە بەربژێری وەزارەتی بەرگری فەیسەڵ جەربا، کە لە لایەن هاوپەیمانی وەتەنییەی ئەیاد عەلاوییەوە کاندید کراوە، کە خاوەنی ٢١ کورسیین، پێشتر وەك فڕۆكەوانی تایبەتی سەددام حوسێن كاری كردووە و ئەفسەرێکی دیاری رژێمی بەعس بووە! هاوکات لە دوای رووخانی رژێم و ساڵی ٢٠٠٥ راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بووە، هەروەها سەبارەت بە كەسایەتیی فالح فەیازیش وەك بەربژێری فەتح، كە خاوەنی ٤٧ كورسییە وەكو وەزیری ناوخۆ، بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە، كە ناوبراو پێشتر لە ئیدارەدانی پۆستی راوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق كە لە ٢٠١٤ تاكو ٢٠١٨ لە ئەستۆیدا بووە، سەركەوتوو نەبووە و بەشێكی دیكەیش بۆ نزیكبوونی ناوبراو لە ئێرانی دەگێڕنەوە كە هۆكارێكی دیكە بێت.
 
هەروەکو قوسەی ئەلیاسری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی سەر بە کوتلەی سائیروون، رایگەیاندووە، ئەوان بە پێوەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، کە دەڵێ: "تاقیکراو تاقی ناکرێتەوە"، سوورن لەسەر رەتکردنەوەی ئەو دوو کاندیدە. 
 
هەر دوێنێ فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە، كە تێیدا هاتبوو: نیازێك هەیە بۆ كەنارگیركردنی یەكێتی لە حكوومەتی نوێی عێراقدا". دیارە دوای ئەوە هات، كە لەو هەشت وەزارەتەی كە ماون، هیچ وەزارەتێك بەو حیزبە نەدرابوو.
 
بەیار تاهیر نایشارێتەوە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش ناڕازی بوون، كە هیچ پۆستێكی وەزارییان دەست نەكەوتووە، بەیار گوتیشی: "سائیروون و كوتلەی میحوەر و یەكێتی، هەوڵیان دا مقاتەعەی دانیشتنەكە بكەن، تا رێژەی یاسایی تەواو نەبێت، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، ئیدی هەوڵیان دا ئاڵۆزی دروست بكەن و هێرشیان كردە سەر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا بڕیار درا بۆ رۆژی پێنجشەممە دانیشتنەكە دوا بخرێت".
 
ناوبراو جەختیشی كردەوە، تا ئێستایش سائیروون پێداگرە لەسەر ئەوەی نابێت فالح فەیاز كاندید بكرێت و هیچ رێككەوتنێكی نوێیش لە نێوان سائیروون و فەتحدا نەكراوە، تا رۆژی پێنجشەممە بە یەكجاری ئەو هەشت وەزارەتەی ماون، یەكلا بكرێنەوە.
 

دانا شەهید جەزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش پێیوایە بۆ چارەسەری ئەو کێشەی نێوان فەتح و سائیروون، پێویستە هەردوولا لەسەر کاندیدێک رێککەون، ئەوکات پرسی یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکان بنێردرێنە ئەنجوومەنی نوێنەران، وەکخۆی ئاماژەی بۆ کرد، گەرنا ئەو کێشمەکێشە بەردەوام دەبێت و پرسی یەکلاکردنەوەی ئەو هەشت وەزارەتەش وەکخۆیان دەمێننەوە.

سەبارەت بە یاساییبوونی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، ناوبراو جەختی کردەوە، کە کابینەکەی یاساییە لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا، دەبێت پەنجا کۆ یەکی وەزارەتەکان یەکلا کرابنەوە، لە ئێستادا دوو لە سێی وەزارەتەکانی کابینەی ناوبراو یەکلا کراونەتەوە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار