داعش لە مووسڵ هێرشی كردە سەر گوندێك

مووسڵ-KDP.info- جێگری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیێنێت، لە سنووری شاری مووسڵ تیرۆریستانی داعش لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا جموجۆڵیان زۆر زیادی كردووە و، لە باشوورەوە هێرشیان كردووەتە سەر گوندێك و موختاری گوندەكەیشیان ڕفاندووە.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، تیرۆریستانی داعش چەندین كردەی تیرۆریستییان لە سنووری شاری مووسڵ ئەنجام داوە، لەوانە تەقینەوەی قەزای شەرگات و سەنتەری شاری مووسڵ، كە ژمارەیەكی زۆر قوربانییان لێ كەوتەوە، شارەزایانیش چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی زیادبوونی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش و خراپبوونی ڕەوشی ئەمنی لە سنووری شاری مووسڵ داوە.
هاشم بریفكانی، جێگری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، شانەكانی تیرۆریستانی داعش جموجۆڵیان لە سنووری شاری مووسڵ زۆر زیادی كردووە و، شەوی ڕابردوو هێرشیان كردووەتە سەر گوندی حەمرینی نزیك گوندی جەرنە لە باشووری شاری مووسڵ و موختاری گوندەكەیان ڕفاندووە و چارەنووسی نادیارە، هەروەها زیانێكی زۆریشیان بە خەڵكی گوندەكە گەیاندووە."
وەك بریفكانی گوتی: "پارێزگای مووسڵ زیاتر لە ساڵێك و 8 مانگە لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار كراوە، هۆشداریمان داوە بە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كە دەبێت ئەو هێزانەی لە مووسڵن خاوەنی یەك بڕیار بن، كە دوو تا سێ سەرچاوەی بڕیاریان هەیە، ئەمەیش بووەتە هۆكاری ئەوەی گەندەڵی وەك پێش ساڵی 2014 زیاد بێت."
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەشڵێ: "ئەو سنوورەی شەوی ڕابردوو داعش هێرشی تێدا ئەنجام داوە، بەرفراوانە و هێزی ئەمنی و سوپای لێ نییە، هەروەها لە نێوان مووسڵ و ئەنبار لەگەڵ ئەو دوو كیلۆمەترەی ناوچەی قەدەغەكراوە لە نێوان مووسڵ و تكریت، سوپا و هێزی ئەمنیی لێ نییە، ئەمەیش بووەتە كێشەی گەورە بۆ شاری مووسڵ و داعش خۆی لەو سنوورانە كۆ دەكاتەوە بۆ دووبارە ئەنجامدانی چالاكییەكانیان، بۆیە دەڵێین ئەگەر حكوومەتی عێراق ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ نەكات، ڕەوشی مووسڵ زۆر خراپتر دەبێت".
نەشوان بەرزنجی




