٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فوئاد حوسێن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمیتۆمۆ کۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە تاكیشی ئۆكۆماتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای سۆمیتۆمۆ بۆریشن و شینسۆكی فۆجیمۆتۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێكار و ئۆپەراسیۆنی كۆمپانیاکە كرد.

لەم دیدارەدا شاندی میوان كورتەباسێكیان لەبارەی سروشتی كاری كۆمپانیاكەیان پێشكەش كرد كە لە ساڵی 1960وە دەستی بە كار كردووە و چەندین بەرهەمی گرنگی خستووەتە بازاڕی عێراقەوە، بە تایبەتی لە ڕووی بەرهەمی كانزایی و هۆكارەكانی گواستنەوە و بینا و ژێرخان و كەلوپەل و ئامێرەكانی وزەوە، ئەمە جگە لە پاڵپشتیكردنی كەرتی تەندروستی و ژینگە و فێركردن.

ئۆكۆماتۆ تیشكی خستە سەر خواستی كۆمپانیاكەیان بۆ فراوانكردنی كارەكانی لە عێراق لە ڕێگەی دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوە بە هەموو جۆرەكانییەوە وبە كواڵیتیی بەرزەوە كە لەگەڵ ژینگە و بارودۆخی عێراق بگونجێت و ئەو ئامێرانەی بۆ دووبارەبنیادنانەوە و بەرهەمهێنان سوودیان دەبێت، خۆشحاڵیی خۆیشی بەوە نیشان دا كە بەرهەمەكانی ژاپۆن هەمیشە لە لایەن هاووڵاتییانی عێراقەوە ستایش دەكرێن، دووپاتیشی كردەوە کە ئەوان هیوای ئەوە دەخوازن دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتییانی عێراق دابین بكەن لە ڕێگەی كردنەوەی لقی كۆمپانیاكەیان و بنكەی تواناسازی بۆ كۆمپانیای تۆیۆتا و هینۆ و كۆمپانیاكانی دیكە لە هەموو بەشەكانی عێراق.

د. فوئاد خۆشحاڵیی خۆی بە پێشنیارەكانی شاندی میوان نیشان دا و دووپاتیشی كردەوە هاووڵاتییانی عێراق هەمیشە متمانەیان بە بەرهەمی ژاپۆن هەیە، بەتایبەتی لە بواری دروستكردنی ئۆتۆمبێل و مەكینە و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد حكوومەت هەوڵی دیراسەكردنی ئۆفەرەكانی ئەم كۆمپانیایە دەكات و كار بۆ ڕەخساندنی هاوكاری دەكات لە نێوان ئەو كۆمیانیایە و هەموو وزارەتەكانی عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار