فوئاد حوسێن و باڵیۆزی ئەڵمانیا کۆ بوونەوە

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە بەڕێز سیریل نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە بەغدا و مارسیل ڤاینهۆڤن، سەرۆكی كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ هاوكاریی نێودەوڵەتی و شاندی یاوەریان كرد.
لەو دیدارەدا سیریل نان كورتەباسێكی لەبارەی كاری كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ هاوكاریی نێودەوڵەتی پێشكەش كرد لە بواری پێشخستنی تواناكان و بنیادنانی دامودەزگاكا فەرمییەكان لە بواری وەبەرهێنان و هاندانی كەرتی تایبەتدا.
د. فوئاد دووپاتی لەسەر گرینگیی كاری هاوبەش كردەوە لەگەڵ وڵاتە پێشكەوتووەكان كە شارەزاییەكی زۆریان لەبارەی زانیاری و تەكنەلۆژیاوە هەیە و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، حكوومەتی عێراق هانی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و سوودوەرگرتن لەو شارەزاییانە دەدات بۆ پێشخستنی ئابووری و دامودەزگاكانی بواری بانكی.
سەرۆكی كۆمەڵەی ئەڵمانی دیدی تایبەتی خۆی لەبارەی نەمانی مەركەزییەت لە حوكم و لە سیستەمی سیاسی و دابەشكردنی بەرپرسیارێتی پێشكەش كرد و بەڵێنی بە د. فوئاد دا لێكۆڵینەوە لەم دید و بۆچوونە بكرێت و گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
د. فوئاد دووپاتیشی كردەوە، عێراق كار بۆ بنیادنانی پێوەندیی پتەو لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی دەكات بۆ سوودوەرگرتن لە تواناكانیان لە بواری زانیاری و تەكنەلۆژیادا بۆ بنیادنانی عێراقێكی پێشكەوتوو.




