٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فوئاد حوسێن لەگەڵ شاندێکی USID ی ئەمەریکایی کۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info


بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە خاتوو دینا مەنسووری، بەڕێوەبەری نێردەی ئاژانسی ئەمەریكاییی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی  (USID)  و شاندی یاوەری كرد.


لەو دیدارەدا خاتوو مەنسووری بە بۆنەی پۆستە تازەکەیەوە پیرۆزبایی خۆی پێشكەش بە د. فوئاد كرد و ئامادەییی تیمەكەی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق و پێشكەشكردنی چەندان خزمەتگوزاریی گرینگ و مەشقپێكردنی كارمەندانی كەرتی ئابووری و وەزارەتی دارایی. ئەوەیشی دووپات كردەوە کە هەموو پرۆژەكانی مەشقپێكردن و بەدواداچوون و پێشكەشكردنی ڕاوێژكاری دەكەوێتە چوارچێوەی پرۆژەكانی ئاژانسی ئەمەریكاییی گەشەپێدانی نێودەوڵەتییەوە.

د. فوئاد سوپاسی سەرۆكی (USID) كرد بۆ ئەو ڕۆڵەی ئاژانسەكەیان دەیگێڕێت لە بواری پێشخستنی دامودەزگاكانی حكوومەتی عێراق و گرینگیی بەردەوامبوونی ئەو پرۆژانەی بە پێویست زانی بۆ پێشخستنی تواناكانی كارمەندانی كەرتی ئابووری و كەرتی تایبەت.

هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، حكوومەت بەرنامەیەكی دوور لە مەركەزیەتی گرتووەتە بەر بۆ چاكسازیی سیستەمی بانكی و دووبارە بنیادنانەوەی ئابووریی عێراق و فرەییی سەرچاوەكانی داهات بە پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بۆ ئەوەی نەوت نەبێتە تاكە سەرچاوەی داهات، بەتایبەتی كە ئێستا نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا جێگیر نییە.


جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی ئەوەیشی خستە ڕوو كە عێراق كار بۆ بنیادنانی پێوەندییەكی پتەو لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی و زانیاریی تازە و پێشخستنی باری ئابووریی عێراق.

 

هەواڵی پەیوەندیدار