ڤیان سەبری: ئێمه سیڤیی بەربژێرهكهمان پێشكەش كردووە.. لایەنەكان نەگەییشتوون بە رێككەوتن

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێكی دیكە لە حكوومەتی نوێی عێراقدا، بە مافی خۆیان دەزانن و سیڤیی بەربژێری خۆیشیان پێشكەش كردووە.
ئێوارەی رۆژی 24ی ئۆكتۆبەر، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بەڕێوە چوو و، 14 وەزیر متمانەی پەرلەمانیان بە دەست هێنا و دەنگدان بۆ 8 وەزارەتیش دوا خرا.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە دەنگدان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو 8 وەزارەتانەی ماون لە حكوومەتی نوێی عێراقدا بەڕێوە بچێت، بەڵام بۆ رۆژی سێشەممەی حەفتەی دابێ دوا خرا."
لەبارەی هۆكاری دواخستنەكەیش، د. ڤیان ڕوونی كردەوە: "هێشتا لایەنەكان نەگەییشتوون بە رێككەوتن لەسەر بەربژێر بۆ وەزارەتەكان، بە تایبەت بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و داد ناوەكان یەكلا نەبوونەتەوە."
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر گوتی: "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری لە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەكەین سەبارەت بەو ناوانەی دیارییان دەكات، لەگەڵ ئەوەیشدا وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێكی دیكە لەو 8 وەزارەتەی ماون، بە مافی خۆمان دەزانین."
نەشوان بەرزنجی




