کۆبوونەوەی حکوومەت و پەرلەمان لەبارەی بوودجەوە بۆ حەفتەی دابێ دوا خرا

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "بە ھۆی ھەموارنەکردنەوەی پرۆژەیاسای بوودجە لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لیژنەی دارایی و حکوومەت بۆ حەفتەیەکی دیکە دوا خرا تا حکوومەت و وەزارەتی دارایی ئامادەکاریی تەواو بۆ پرۆژەیاسای بوودجە دەکەن.
لەوبارەیەوە دکتۆر ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆبوونەوەکە بڕیار بوو ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت و ئێمە خۆمان بۆ ئامادە کردبوو، بەڵام وەزارەتی دارایی پێی ڕاگەیاندین ئەو خاڵانەی پەرلەمان دەیەوێ گۆڕانکارییان تێدا بکرێت ھێشتا کۆتایی بە گۆڕانکارییەکان نەھاتووە، لەبەر ئەوەش، تا دەرفەت بۆ حکوومەت ھەبێت بوودجە ڕاست بکاتەوە کۆبوونەوەکە بۆ حەفتەی ئایندە دوا خرا.
لەبارەی کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان لەسەر بوودجەی گشتیی عێراق، دکتۆر ئەحمەد سەفار ڕوونی کردەوە: "ڕاستە نرخی نەوت بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو دابەزیوە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بوودجەی عێراقی لەسەر ئامادە کراوە، چونکە لە بوودجەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٦ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی نەوتیش نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی مەترسیدار بێت."
پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان سەفار گوتی: "ئێمە وەک لیژنەی دارایی چەندین گۆڕانکاریمان پێشکەش بە حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بوودجە ھەموار بکرێـتەوە، بێگومان بەشێکی ئەو گۆڕانکارییانە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندان."
قائید میرۆ




