محەممەد ئەمین: پشكی ھەرێم لە ١٢ لەسەدەوە بۆ ١٤% زیاد كراوە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی گوتی، بڕیارە سەرۆكوەزیرانی عێراق تەواوكەری كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات و سبەی دەنگی لەبارەوە بدرێت. دەشڵێ، پشكی ھەرێم لە بودجەدا، بۆ ١٤% زیاد كراوە، بەڵام ئەو پرسە لە ھۆڵی پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە.
محەممەد ئەمین فارس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمان كۆبوونەوەی نییە بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی بدات، بەڵام بڕیارە بۆ سبەی پێشكەشی بكات و ئێمەیش دەنگی لەسەر بدەین و پەسەندی بكەین، چونكە ھەر كاتێك سەرۆكوەزیران تەواوكردنی كابینەكەی پێشكەش بكات، ئێمە ئامادەین بۆ دەنگدان لەسەری".
فارس گوتیشی: "گفتوگۆی لیژنە ھاوبەشەكەی حكوومەت و پەرلەمانیش لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و ئەمڕۆیش كۆبوونەوەیەكی دیكە بەرێوە دەچێت، هەروەها كوردیش ھەوڵی زۆری داوە و خاڵی باشی پێشكەش كردوون و ئەنجامی باشیشیان ھەبووە، كە تا ئێستا پشكی ھەرێمی كوردستان لە ١٢ لەسەدەوە بۆ ١٤% زیاد كراوە، بەڵام ئەمەی كراوە جارێ ڕەشنووسە و لە ھۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق یەكلا دەكرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




