پەرلەمان لادانی خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و عێراق تاوتوو دەكات

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر ئەو وهزارەتانە نادرێت كە لە كابینەی نوێدا ماون و، رەنگە بكەوێتە حەفتەی دابێ، بەڵام گفتوگۆ لەبارەی لادانی ئەو خاڵە گومرگییانە دەكرێت كە لە نێوان ھەرێم و عێراقدا دانراون.
سەعات یەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و بەپێی كارنامەكەیش كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڵاوی كردووەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند خاڵێك دەكرێت، لەوانە بانگھێشتكردنی پارێزگاری بانكی ناوەند و لێكۆڵینەوە لەو تانانەی لەبارەی ژمارەیەك پەرلەمانتار پێشكەش كراون و دەنگدان لەبارەی شێوازی ئەو بڕیارانە دەدرێت كە لەلایەن حكوومەتی كاربەڕێكەر دراون و خاڵێكی دیكەیش ئەوەیە گفتوگۆ لەبارەی لادانی ئەو خاڵە گومرگییانە دەكرێت، كە لە نێوان ھەرێم و عێراقدا دانراون.
لەو بارەیەوە، مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر داواكاریی كورد، پرسی لادانی خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دیار دەبێت كە چ بریارێكی لەبارەوە دەدرێت".
نەجار گوتیشی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، باسی تەواوكردنی كابینەی نوێ ناكرێت، چونكە ھێشتا رێككەوتن لەبارەی چەند وەزارەتێكەوە نەكراوە، بۆیە ئەگەر تا سبەی نەگەنە رێككەوتن، ئەو پرسە دەكەوێتە حەفتەی دابێ.
دەشڵێ: "پشكی ھەرێمی كوردستان لە كابینەی نوێدا چوار وەزارەتە، كە دوو وەزارەتمان وەرگرتووە و دووی دیكەیش ماون، بۆیە یەكێكی دیكە لەوانە كە وەزاەرتی كۆچ و كۆچبەرانە، پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە".
بڵند ئیبراھیم




