د. فواد حوسێن و وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و خۆراك لە شانشینی ئوردونی كۆ بوونهوه

بهغدا-KDP.info- د.فوئاد حوسێن جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی، لەگهڵ د.تاریق حەموری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و خۆراك لە شانشینی ئوردونی هاشمی، نەمانی گرفت لەبەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەتی لە بواری گومرگ و بەرزكردنەوەی ئاستی دەروازە سنوورییەكان، ههروهها پێكهێنانی ناوچەی هاوبەشی پیشەسازییان لەسەر سنوور بە مەبەستی نەمانی بێكاری و لەناوبردنی تیرۆر، خسته بهر باسهوه.
ئەمڕۆ یهكشهممه، د.فوئاد حوسێن جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە د.تاریق حەموری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و خۆراك لە شانشینی ئوردونی هاشمی و، د.مونتەسەر زەعبی باڵیۆزی باوەڕپێكراوی ئوردون و یووسف شەمالی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پیشەسازیی ئوردونی و، ژمارەیەك لە بزنسكار و وەبەرهێنەری ئوردونی كرد.
لە دیدارەكەدا د.تاریق حەموری پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی پێكهێنانی حكوومەتی عیراق و وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی لە د. فوئاد حوسێن كرد، هاوكات پیرۆزبایی لە گەلی عیراق كرد بە بۆنەی سەركەوتن بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا، دووپاتیشی كردەوە شانشینی ئوردونی هاشمی هەموو تواناكانی خۆی دەخاتە بەر خزمەتی عیراق.
لە لای خۆیشییەوە د.فوئاد حوسێن تیشكی خستە سەر پەیوەندییە قووڵ و دێرینەكانی نێوان هەردوو وڵاتی برا، دووپاتیشی لەسەر پێویستیی سوودوەرگرتنی عیراق لە تواناكانی ئەم وڵاتە كردەوە، بەتایبەتی لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و بانكیدا، بە پشتبەستن بە وابەستە هاوبەشەكان لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا.
هەردوولایش گفتۆگۆیان كرد لەسەر نەمانی گرفت و ئاریشەكان لەبەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەتی لە بواری گومرگ و بەرزكردنەوەی ئاستی دەروازە سنوورییەكان، ههروهها پێكهێنانی ناوچەی هاوبەشی پیشەسازی لەسەر سنوور بە مەبەستی نەمانی بێكاری و لەناوبردنی تیرۆر.




