ئەمڕۆ پەرلەمان پِڕۆژەیاسای بودجە دەگەڕێنێتەوە
_(1)__2018_04_18_h16m36s0__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر چەند پرسێك كۆ دەبێتەوە. دەشڵێ، یەكلاكردنەوەی ئەو هەشت وەزیرەی ماون بۆ كابینەی نوێ، لە بەرنامەی كاردا نییە.
محەممەد ئەمین فارس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە كۆبوونەوەی دووەمی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی دا، چەند خاڵێك بۆ گفتوگۆی ئەمڕۆیان وەك كارنامە دیاری كراوە، وەكوو، دانانی لیژنە هەمیشەییەكان، گفتوگۆكردن دەربارەی موازەنە، هەندێ ئەندامانی ئەنجوومەنیش كێشەی یاساییان لە مستەمسەكاتیان هەیە، یا مەشموولن بە بڕیارەكانی نەزاهە، گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، "هیچ نوێنەرێكی كوردی تێدا نییە".
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی، سەبارەت بە بودجەی گشتیی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگ بۆ گەڕانەوەی پِڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ حكوومەت دەدرێت، چونكە كۆمەڵێك كەموكوڕیی تێدایە، ئێمە ھەموو تێبینییەكانی خۆمان ئامادە كردووە و بۆ حكوومەت ڕەوانەیان دەكەین، پێویستە حكوومەت ئەو پِڕۆژەیاسایە ھەموار بكاتەوە و رای گشتیی نوێنەرانیش ئەوەیە، كە بودجە بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە".
دووبەردانی، تێبینییەكانی خۆیانی لەسەر بودجەی گشتی بە نموونەی پشكی ھەرێم بۆ ١٧% و دیاریكردنی ناوی پارێزگای ھەڵەبجە و پشكی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ هێنایەوە، كە پێویستە لە بودجەدا دیاری بكرێن.
هەشت وەزارەت لە كابینەی نوێی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ماون، كە پێویستە لە ئەنجوومەنی نوێنەران كاندیدەكانیان بۆ ئەو وەزارەتانەی ماون یەكلا بكرێنەوە، محەممەد ئەمین ئاشكرای دەكات، كە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆیاندا، بە فەرمیی یەكلاكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی ماون، دیاری نەكراوە، "ناشزانین لە كاتی كۆبوونەوەكەدا، گەر ماددەیەك زیاد بكرێت، دەبێت بخرێتە دەنگدانەوە".
سەبارەت بە رێككەوتنی فڕاكسیۆنەكان لەسەر ئەو هەشت وەزارەتەی ماون، دووبەردانی ئاشكرای كرد، تەنیا لەسەر چوار وەزارەت ڕێككەوتن كراوە و چوار وەزارەتی دیكە ماون، كە ناكۆكییان لەسەرە و بە تایبەت ناكۆكیی گەورە لەسەر وەزارەتی بەرگری هەیە.
بۆ یەكلاكردنەوەی لیژنە هەمیشەییەكان، وەك ئەمین ئاماژەی دا، ئەوان وەك فراكسیۆنی پارتی، بۆ لیژنە هەمیشەییەكان كاندیدی خۆیان بە گوێرەی تایبەتمەندی دیاری كردووە بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتی و جێگری لیژنە هەمیشەییەكان، چۆنیەتیی رێككەوتنی بۆ ئەو لیژنە هەمیشەییانەیشی روون كردەوە، كەوا سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان كۆ دەبنەوە و لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ دەكەن، "دوێنێ كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان كراوە، بەڵام تەنیا ڕاگۆڕینەوە بووە، بڕیاردان نەبووە، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆی لە بارەوە دەكرێت".
محەممەد ئەمین نایشارێتەوە، كە داوایان كردووە، سەرجەم لیژنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نوێنەری كوردیان تێدا بێت، ئەوانیش رەچاوی ئەو داخوازییەیان دەكەن، "وەكو فڕاكسیۆنی پارتییش بە لایەنی كەمەوە دەبێت سەرۆكایەتیی سێ لیژنەمان پێ بدرێت، هاوكات بڕیاردەری سێ لیژنە و جێگری سێ لیژنەیشمان پێ بدرێت، ئەویش بەپێی ئەو شاییستەییەی هەمانە".
لەمەڕ دیاریكردنی ئەو لیژنەیەی كە فڕاكسیۆنی پارتی داوای دەكات، ناوبراو پێی وایە لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا ئەوە یەكلا دەبێتەوە، بەو پێیەی لەوانەیە چەند فڕاكسیۆنێك داوای لیژنەیەك بكەن، دواتر بە رێككەوتن یەكلا دەبێتەوە، محەممەد ئەمین پێشی وایە، ئەمڕۆ پرسی لیژنەكان یەكلا نابێتەوە، بۆی هەیە لیژنەی لە فڕاكسیۆنەكان بۆ دروست بكرێت و یەكلا بكرێنەوە.
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ پارتی یەكلا بووەتەوە و گفتوگۆ دەكرێت بۆ ئەوەی چوار وەزارەت بدرێت بە كورد و وەزارەتێكی دیكەیش بدرێتە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بەڵام ھێشتا یەكلا نەبووەتەوە.
خێڵان بەختیار_ بڵند ئیبراهیم




