١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەینێ، كابینەکەی عەبدولمەهدی پڕ دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- بڕیارە سبەینێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببێتەوە و چاوەڕێ دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا دەنگ لەسەر تەواوكەری كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بدرێت، كە یەكێك لەو وەزارەتانەی ماون، بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت، ئەویش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانە.

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی سێشەممە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و تاوەكو ئێستا بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام دەنگ لەسەر تەواوكەری كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی دەدرێت، كە ھەشت وەزارەت ماون دەنگیان لەسەر بدرێت و، ئەگەر ھەموو وەزارەتەكانیش دەنگیان لەسەر نەدرێت، بەشێكیان دەنگیان لەسەر دەدرێت".

لای خۆیەوە، ھندرێن لەزگین دۆسكی، پەرلەمانتاری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "چاوەرێ دەكرێت لە كۆبوونەوەی سبەینێدا دەنگ لەسەر ئەو وەزارەتانە بدرێت كە لە كۆبوونەوەی ڕابردوودا دەنگیان لەسەر نەدراوە، ئەوانیش ھەشت وەزارەتن، بۆیە سبەی رەنگە سیڤییەكانیان بۆ ئێمە رەوانە بكرێن و دەنگیان لەسەر بدەین".

دۆسكی گوتیشی، یەكێك لەو وەزارەتانەی كە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانە و كاندیدی ئەو وەزارەتەیش نەوزاد ھادییە، بەمەیش پارتی دیموكراتی كوردستان لە كابینەی نوێدا سێ وەزارەتی دەبێت، یەكێكی سیادی و دووی خزمەتگوزاری.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار