٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی پەیامی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی راگەیاند..جارێکی دیكە پەیامی یەكڕیزی و یەكدەنگیی دووپات دەكەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و سەركەوتنی لیستی پارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند و تێیدا هاتووە، سەرەرای سەرنج و تێبینیمان لەسەر بەرێوە چوونی پرۆسەکە لەھەندێ ناوچە، جارێکی دیكە پەیامی یەكڕیزی و یەكدەنگیی دوپاتدەكەینەوە و بە هیواین هەموو لایەكمان دەست بدەینە دەستی یەكدی و بەرژەوەندی و سوودی گەلەكەمان لەسەروو هەر ئیعتبارێكی دیكەوە دابنێین و خزمەتی خەڵك و هەرێمەكەمان بكەینە ئەولەویەت.

دەقی پەیامەکە:

هاوڵاتیانی بەڕێز
جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان..

بە بۆنەی سەركەوتنی گەلی كوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كە پێگەی سیاسیی هەرێم و قەوارە سیاسییەكەمان بەهێزتر و ئەزمونە دیموكراتییەكەمان بەرەو پێشتر دەبات،  بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سوپاسی بێ پایان ئاڕاستەی تێكڕای بەشداران و دەنگدەرانی ئەو پرۆسە پیرۆزە دەكەین و هیوادارین ئەنجامەكانی بەخێر و قازانجی كۆی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە.

سەركەوتنی مەزنی لیستی پارتیمان لەم هەڵبژاردنەدا، بەڵگەی هۆشیاری سیاسیی و پابەندیی جەماوەری گەلەكەمانە بە رێبازی راستەقینەی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری، پاداشتێكی میللی فروانە  بۆ هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی پارتی، بۆ داكۆكی سەرسەختانەی پارتی لە دەسكەوت و مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان. وەفادارییە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و بۆ ئەو پارتە خۆڕاگرەی لە رۆژە سەختەكانی قەیران و ناڕەحەتیدا شانی دایە بەرمەسئولیەت و قەوارەی سیاسیی كوردستانی لە جۆرەها هەڕەشە و پیلان پاراست و لە ئاست فشار و پڕكێشییەكاندا خۆی نەچەماند.

گەلی كوردستان  بە نوێكردنەوەی متمانە بۆ پارتی، دەریخست كە كوردستانێكی بەهێزی دەوێت، ئارامی و ئاساییش و سەقامگیریی سیاسی دەوێت، ئاوەدانی و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی دەوێت، ئەو ئامانجانەش بە پارتییەكی بەهێز و پێشڕەو دێنەدی.


ئێمە لە كاتێكدا سڵاو و دەستخۆشی بۆ یەك بە یەكی كادیر و ئەندامانی پارتیمان و جەمارە دڵسۆز و كۆڵنەدەرەكەی و كۆی خەڵكی كوردستان  دەنێرین، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە لە ئاستی دەنگ و متمانەی گەل دەبین و خواست و ئیرادەی ئەوان لە پێكهێنانی حكومەتێكی تۆكمە و مونسەجیم و بەهێز و یاساپەروەر و خزمەتگوزاردا بەرجەستە دەكەین.
هەموو هەوڵ و تواناكانمان بۆ ئەجردانەوەی ئەم گەلە خۆڕاگر و قوربانیدەرە تەرخان دەكەین.


هەر لەم بۆنەیەدا، سەرەرای سەرنج و تێبینیمان لەسەر بەرێوە چوونی پرۆسەکە لەھەندێ ناوچە، جارێکی دیكە پەیامی یەكڕیزی و یەكدەنگیی دوپاتدەكەینەوە و بە هیواین هەموو لایەكمان دەست بدەینە دەستی یەكدی و بەرژەوەندی و سوودی گەلەكەمان لەسەروو هەر ئیعتبارێكی دیكەوە دابنێین و خزمەتی خەڵك و هەرێمەكەمان بكەینە ئەولەویەت.


جارێكی دیكە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی گەلی كوردستان و جەماوەری پارتیمان و لە پێش هەموانیشەوە ئاڕاستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین.


پیرۆزبایی تایبەتمان ئاراستەی سەرۆك بارزانی دەكەین كە لە شەڕ و ئاشتیدا دلێرانە رابەرایەتی كاروانی خەباتی پارتیمان دەكات و هەموومان لە وورەی بەرزی ئەو هێزی خۆڕاگری و وانەی كۆڵنەدان فێر دەبین.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی باوكی كورد و دامەزرێنەری پارتیمان مستەفا بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەردەم لە یاد

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكانمان

بژی كورد .. بژی كوردستان


مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
۲۲ـی۱٠ـی۲٠۱۸

 

هەواڵی پەیوەندیدار