١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

گفتوگۆکان بۆ کابینەی نوێی عێراق بەردەوامن

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، پارتییش لە بەغدا كار بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات.

عادل عەبدولمەهدی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق ئەم هەفتەیە کابینەی وەزارییەکەی پێشکەش دەکات. د. مەیادە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "گفتوگۆی بەردەواممان هەیە لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ئێستا هەموو لایەنەكان، فراكسیۆنەكان لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەر و لەگەڵ عادل عەبدوالمەهدی، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێرداو بۆ پێكهێنانی حكوومەت كۆ بووەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێك مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان تێیدا پارێزراو بن و، شەراكەت و تەوافق و هاوسەنگیی تێدا هەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكات و ماددە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە بەدەست بهێنین."

 

ئەو ئەندامەی پارتی ئەوەیشی گوت: "بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنین پارتی گرنگی بە بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو دەدات و دەیەوێت بزانێت حكوومەتی داهاتوو بۆ كورد چی لە هەگبەدایە، بۆیە گرنگی بە پەیوەندییەكان و كارنامەی حكوومەت دەدات، هەر بۆیە بە هێزەوە بەشدار دەبێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا ئەگەر حكوومەتی تەوافقی و حكوومەتێكی شەراكەتی حەقیقی بێت، هەموو لایەنەكان دەڵێن نابێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا درێژە بكێشن و دەبێ بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لە كابینەی داهاتوودا چارەسەر بكرێن، بۆیە ئۆمێدمان وایە هەولێر و بەغدا لەسەر كێشەكان بگەنە ڕێككەوتن و بە لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكات و دژی مافە دەستوورییەكان نەوەستێتەوە".

 

ڕابین شێروانی 

هەواڵی پەیوەندیدار