٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی: ئەوەی یەكێتی ئەمجارە كردی تێكدانی تەوافق بوو.. هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بە وردی متابعە دەكەین

سەرچاوە: KDP.info
هه‌ولێر-KDP.info-  پارتی ڕایده‌گه‌یێنێ، ئەوەی یەكێتیی نیشتمانی ئەمجارە كردی، تێكدانی تەوافوق بوو. هه‌روه‌ها له‌و راگەیێندراوه‌ی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ پارتی ئەم پۆستە و شێوازی دانانی ئەمجارەی، بە نوێنەرایەتی و ئیستحقاقی گەلی كوردستانی نازانێ.
 
راگەیێندراوی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
 
ئەمرۆ، 3/10/2018، بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، مەكتەبی سیاسی كۆ بۆوە بۆ تاوتوێ و بەدواداچوونی پرۆسەی سیاسیی عێراق و لێكەوتەكانی ئەم دواییە، ئەمەش لە روانگەی هەوڵەكانی كە درابوون بۆ چارەسەری كێشەكان و هەروەها لە روانگەی پاراستنی یەكریزی و تەبایی نێو ماڵی كوردستانی.
 
سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ، جەخت لەوە دەكەینەوە كە سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستان بووە و پشكی لایەنێكی سیاسی نەبووە، هەمیشەش لە چوارچێوەی تەوافوق و سازانی هێزە كوردستانییەكان یەكلایی كراوەتەوە. ئەوەی یەكێتیی نیشتمانی ئەمجارە كردی تێكدانی ئەم تەوافوقە بوو، ئەمەش سەرەتایەكی خراپە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار.
 
بۆیە ئێمە ئەم پۆستە و شێوازی دانانی ئەمجارەی، بە نوێنەرایەتی و ئیستحقاقی گەلی كوردستانی نازانین و، دەرگایەكیشی كردەوە كە خەڵكانی دیكە بڕیار لەسەر ئەو ئیستحقاقەی ئێمە بدەن نەك نوێنەرانی گەلی كوردستان.
 
پارتی بە گرینگییەوە سەیری هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی كردووە و بەشدار بووە لە بیروڕا گۆڕینەوە، بە تایبەتیش كە بە زەروری زانیوە لە عێراقی نوێدا پێكهاتەكان لە ئیستحقاقاتی بڕیارلێدراو بەهرەمەند بن و، ئەو ئیستحقاقاتانەش لە ئاكامی قەناعەت و بۆچوونی پێكهاتەكان بێت و نوێنەرایەتیی راستەقینەی ئەوان بكات. لە ئێستاشدا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بە وردی متابعە دەكەین و، لەكاتی خۆیدا بڕیاری پێویست دەدەین.
 
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
3/10/2018

هەواڵی پەیوەندیدار