پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دوو پرسەوە كۆ دەبێتەوە
__2018_01_06_h15m39s27__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوو پرسەوە كۆ دەبێتەوە، ئەوانیش پێكھێنانی لیژنە ھەمیشەییەكانی پەرلەمان و گفتوگۆكردنە لەبارەی دۆخی بەسڕاوە.
لە كۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، بڕیار درابوو كە ئەمڕۆ سەرۆككۆماری عێراق ھەڵبژێردرێت، بەڵام بە ھۆی نەبوونی سازان لەسەر كاندیدی ئەو پۆستە، ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بۆ كاتێكی دیكە دوا خرا.
پێوەست بەم پرسە، ھەندرین دۆسكی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەعات١١ی پێشنیوەڕۆ، پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دوو پرسەوە دەكات، سەرۆككۆماریش لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دیاری ناكرێت، چونكە ھێشتا تەوافوقی لەسەر نەكراوە".
دۆسكی، هەروەها گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لیژنە ھەمیشەییەكانی پەرلەمان دیاری دەكرێن و بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە و تەندروشتی و سەرچاوەكانی ئاو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی بەسڕا و دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاوی خاوێن بۆ ئەو پارێزگایە دەكرێت".
بڵند ئیبراھیم




