هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە كارنامەی كۆبوونەوەی سێشەممەدا نییە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پەرلەمانی عێراق لە رۆژی سێشەممەدا سەرۆككۆمار ھەڵنابژێرێت، چونكە ھێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی دوو تەوەر دەكات و باسی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ناكرێت، ئەوانیش پێكھێنانی لیژنە ھەمیشەییەكانی پەرلەمان و گفتوگۆكردنە لەبارەی دۆخی بەسڕا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و سەرچاوە ئاوییەكان و شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە.
پێوەست بەم پرسە، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەندرێن دۆسكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆكاری ئەوەی لە رۆژی سێشەممەدا سەرۆككۆمار ھەڵنابژێردرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ھێشتا تەوافوقی سیاسیی لەسەر نەكراوە، بۆیە ئەم پرسە دوا خراوە بۆ كاتێكی دیكە، چونكە كاتمان لە بەردەستدا ماوە".
دۆسكی گوتیشی: "بۆ ئەوەی لایەنەكان لەسەر كاندیدێك بگەنە رێككەوتن، تاوەكو سەرەتای مانگی دابێ دەرفەت لە بەردەم پەرلەماندا ماوە".
بڵند ئیبراھیم




