سبەی كۆتاڕۆژە بۆ تۆماركردنی ناوی كاندیدانی سەرۆككۆمار

هەولێر-KDP.info- بەپێی یاسا و بڕیاری پەرلەمانی عێراق، سبەی یەكشەممە كۆتاڕۆژە بۆ تۆماركردنی ناوی كاندیدان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، لایەنەكان نەگەییشتوونەتە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی كورد.
بڕیار بوو تەنیا سێ رۆژ دەرفەت بدرێت بەو كەسانەی دەیانەوێ بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق خۆیان تۆمار بكەن، بەڵام بە ھۆی پشووی رۆژی عاشووراوە، وادەكە تا سبەی یەكشەممە درێژ كرایەوە.
لەو بارەیەوە، مەیادە محەممەد نەجاڕ، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی پشتڕاست كردەوە:"ھێشتا كورد لەنێو خۆیاندا نەگەییشتوونەتە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی كورد و، لایەنەكان لەسەر كاندیدكردنی دكتۆر بەرھەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە ھاوڕا نین، لەبەر ئەوەش ئەگەر تا سبەی نەگەییشتن بە رێككەوتن، ئەوا پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق دەبێت".
بەپێی دەستوور و یاسا، سەرۆككۆمار پێویستە چەند مەرجێكی تێدا بێت، لەوانە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی ھەبێت و تەمەنی كەمتر نەبێت لە ٤٠ ساڵ، هەروەها لە ھیچ تاوانێكدا بەشدار نەبووبێت و پابەندی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقیش بێت.
بەپێی دابەشكردنی پۆستەكان و لەبەرچاوگرتنی سیستمی تەوافوق و تەوازن و شەراكەت، پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد یەكلا بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا سێ كەس بە فەرمی خۆیان بۆ ئەو پۆستە تۆمار كردووە وەك كاندید و، پێشبینی دەكرێت ژمارەی كاندیدەكان ھێشتا زیادتر ببن.
پەرلەمانتارەكەی پارتی نایشارێتەوە: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری رابردوودا لەسەر ئاستی لایەنە كوردییەكان زۆرترین كورسیی بە دەست ھێناوە و بگرە لەسەر ئاستی عێراق وەك یەكەم حزب دێت لە ڕووی جەماوەرییەوە، لەبەر ئەوەش بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی رابردوو، پۆستی سەرۆككۆمار پشكی پارتیمانە".
جگە لە كورد ھیچ لایەنێكی دیكەی سوننە و شیعە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار نابێت، ئەویش بە ھۆی پێدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكوەزیران بەو دوو پێكھاتەیە.
نەجاڕ روونی كردەوە: "رۆژی سێشەممەی دابێ لەنێو پەرلەمانی عێراقدا سەرۆككۆماری نوێی عێراق ھەڵدەبژێردرێت و، ئەگەر پارتی و یەكێتی گەییشتنە رێككەوتن و ھەردوو حزب یەك كاندیدیان ھەبوو، دەنگ بەو كاندیدە ھاوبەشە دەدەین و كێشەمان لەسەر ئەوە نابێت كێ دەبێتە ئەو كاندیدەی كورد".
قائید میرۆ




