١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەلا مەكی: دوو رۆژ ماوە بۆ كۆبوونەوە.. سوننەكان ھێشتا كاندیدێكی دیاریكراویان نییە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- بڕیارە رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریكردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆ ببێتەوە، سەركردەیەكی سوننەكانیش بە دووری دەزانێت بتوانن لەو دوو ڕۆژەدا كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكەن، چونكە تاوەكو ئێستا لایەنە سوننەكان لەسەری نەگەییشتوونەتە رێككەوتن.

لە ماوەی ڕابردوودا، پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا بۆ ئەوەی دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت، بەڵام بە ھۆی نەبوونی رێككەوتنەوە، كۆبوونەوەكە بۆ ١٥ی ئەم مانگە دوا خرا.

پێوەست بەم پرسە، سەركردەی سوننەكان و نوێنەری پارتی ویفاقی نیشتیمانی لە ھەرێمی كوردستان، د. عەلا مەكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆكان بەردەوامن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ ئەوەی تاوەكوو رۆژی شەممە بگەنە رێككەوتن، بەڵام تاوەكو ئێستا رێككەوتن نەكراوە، چونكە پێویستە ھەرسێ پۆستی سەرۆكایەتی بەیەكەوە یەكلا بكرێنەوە، بۆیە ئەستەمە رۆژی شەممەیش دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت".

مەكی گوتیشی، لایەنە سوننەكانیش بەردەوامن لە گفتوگۆكردن بۆ ئەوەی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بگەنە رێككەوتن، بەڵام ھێشتا گفتوگۆ بەردەوامە و نەیانتوانیوە لەسەر كاندیدێك رێك بكەون، چونكە كاتی زیاتری پێویستە.

نوێنەری پارتی ویفاقی نیشتیمانی، دەشڵێ، سوننەكان چەندین كاندیدیان ھەیە و پێویستە یەكێك یەكلا بكەنەوە، بۆیە گفتوگۆی بەردەوام دەكرێت، بەڵام زەحمەتە تا رۆژی شەممە كاندیدێك دیاری بكەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار