دوو كوتلەی سوننە بڕیاریان داوە لە وادەی خۆیدا پۆستی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن یەكلا بكەنەوە
_(1)__2018_05_02_h14m29s9__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- پێنج رۆژ ماوە بۆ دیاریكردنی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرچاوەیەكیش رایدەگەیێنێت، دوو كوتلەی دیاری سوننەكان بەڵێنیان داوە، لە وادەی خۆیدا ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە.
بەپێی یاسا، لە دوای هەڵبژاردن و یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەست پێدەكرێت، پێویستە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنەكە دیاری بكرێت، ١ی مانگ یەكەم دانیشتن كرا و دانیشتنەكە بە كراوەیی مایەوە، كوتلەكان رێك نەكەوتن بۆ دیاریكردنی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران.
سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، كوتلەی ئیسڵاح و كوتلەی بینا، هەردووكیان كاندیدی خۆیان هەیە، ئەوان دەبێت لە نێوخۆیاندا كاندیدێك یەكلا بكەنەوە.
ئەو باسی هەوڵێكی كرد، كە لە ئێستادا هەیە، ئەویش لە نێوان فەتح و سائیروونە، ئەوان پێك بێن و بە یەك پڕۆژە دەربچن كه بە گوێرەی رێككەوتنی سیاسیی نێوان لایەنە عێراقییەكان، پۆستی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ سوننە دەبێت، بە گوتەی سەرچاوەكە، هەردوو كوتلەی ئیسڵاح و كوتلەی بینا، كە سوننەن، بڕیاریان داوە لە وادەی خۆیدا، كە ١٥ی مانگ دەكات، پرسی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران یەكلا بكەنەوە، تا رادەیەكیش گەشبینی بە یەكلاكردنەوەی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە لە لایەن هەردوو كوتلەكەوە هەیە.
خێڵان بەختیار




