پەرلەمانتارانی نەینەوا، گرووپێك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێك دەهێنن

مووسڵ-KDP.info- لەسەر پێشنیازی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، كە ژمارەیان شەش پەرلەمانتارە، گرووپێك بە ناوی (گرووپی پەرلەمانتارانی نەینەوا) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێك دێت، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، ئامانجیان گەیاندنی دەنگی خەڵكی شاری مووسڵ دەبێت بە حكوومەت، تا لە ڕووی ئەمنی و ئابووری و ئاوەدانكردنەوە و تەواوی سێكتەرەكانەوە، خزمەتی شارەكە بكرێت.
شێروان جەمال دووبەردانی، پەرلەمانتاری نەینەوا لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا داوامان لە تەواوی پەرلەمانتارانی كوتلەكانی دیكە كرد كە نوێنەری شاری مووسڵن، تا بەیەكەوە گرووپێك بە ناوی (گرووپی پەرلەمانتارانی نەینەوا) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێك بێنین و یەكدەست و یەكڕیز بەیەكەوە كار بكەین، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو پێشنیازە لەلایەن تەواوی پەرلەمانتارانی دیكەوە قبووڵ كراوە."
دووبەردانی گوتیشی: "بارودۆخی مووسڵ باش نییە و بەرەو خراپی دەچێت لەبەر بابەتی گەندەڵی، مووسڵ پێویستی بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی ئەمنییەت هەیە، نزیكەی هەزار و 500 پڕۆژە بە ناو و بوودجە تەواو كراون، كەچی هیچ لەو پڕۆژانە بوونیان نییە."
ئەو پەرلەمانتارەی نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر گوتی: "ئێمە كۆبوونەوەیەكمان كردووە بە ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتاران و (د. ڤیان سەبری) وەك ئەندامی سەركردایەتیی پارتیمان و نوێنەری خۆمان بەشدار بوون، بەرنامەیشمان ئەوە دەبێت دوای پێكهێنانی حكوومەت مەلەفە گرینگەكانی ئەمنی و ئابووری و خزمەتكردنی خەڵكی مووسڵ بدەینە تەواوی پەرلەمانتاران كە ژمارەمان 34 پەرلەمانتارە و، بەسەر لیژنەكانیشدا دابەش دەبین هەر یەكەو بەپێی پسپۆڕیی خۆی كار لەسەر مەلەفەكان دەكەین و سەردانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش دەكەین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە خۆمان ئاگاداری جێبەجێكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكانی شارەكەمان بین."
ژمارەی پەرلەمانتارانی پارێزگای نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 34 پەرلەمانتارە كە سێ لەوان كۆتان و نوێنەری كۆتای پێكهاتەكانی ئەو شارەن.
نەشوان بەرزنجی




