١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڕێناس جانۆ: پێشبینیی ئاڵۆزیی زیاتر دەكرێت لە رەوشی عێراق

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە، دانیشتووانی باشووری عێراق لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و بەھەدەردانی داھاتی ناوچەكانیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، دەستیان بە زنجیرەیەك خۆپیشاندان كردووە، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراقیش دەڵێ، ئەگەر رەوشی بەسڕە چارە نەكرێت، دۆخەكە بەرەو خراپتریش دەچێت.

لە حەفتەی رابردوودا، خۆپیشاندانەكانی بەسڕە زۆر بە توندی دەستیان پێ كردەوە و وەك خەڵكی ناوچەكە ئاماژەی بۆ دەكەن، بە دەست نەبوونی خزمەتگوزاری و گەرمای تاقەتپڕوكێنی باشوور، خەریكە رۆحیان دەردەچێت، رێناس جانۆ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوەی لە بەسڕە ھەیە، لە ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق زۆر خراپترە، بەڵام لە چوار ساڵی رابردوودا بە ھۆی ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە خەڵكی ناوچەكانی سونەنشین تۆمەتبار كراون بە ھاوكاریكردنی داعش، لەبەر ئەوەیشە ناتوانن وەك باشوور خۆپێشاندان ئەنجام بدەن".

عێراق یەكێكە لە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت لە جیھاندا و تەنیا بە داھاتی نەوت دەتوانێ باشترین خزمەتپێشكەش بە دانیشتووانی بیكات، بەڵام بەسڕەی سەرچاوەی سەرەكیی داھاتی عێراق، خۆی ھاواری لێ ھەستاوە لەوەی پارە و داھاتەكەی بۆ خەرج ناكرێتەوە. ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو دەڵێت: "عێراق لە رۆژێكدا سێ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە دەكات، لەو رێژەیە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل تەنیا لە كێڵگەكانی پارێزگای بەسڕە بەرھەم دێت و رەوشی ھاووڵاتیانی بەسڕەش ئەوەیە كە ھەموو لایەك دەیبینین، ئاخر خەڵكی بەسڕە شایەنی بێدەنگكردن نییە، بەڵكوو شایەنی ئەوەیە ژیانێكی شاییستەی ھەبێت و بە داھاتی خۆیان خزمەتیان بكرێت".

چاودێران و تەنانەت دەستەڵاتدارانی عێراق خۆیان ھۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر داواكاریی خەڵكی بەسڕە جێبەجێ نەكرێت، رەوشەكە لە دەست ھەموویان دەردەچێت، رێناس جانۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "من لەو باوەڕەدام ئەوەی تا ئێستا رووی داوە لە بەسڕە، تەنیا لایەنێكی پشتگوێخستنی ھاووڵاتیانە و نەكوژاندنەوەی ئاگرەكە پەل بۆ ناوچەكانی دیكەیش دەھاوێژێ، بۆیە پێشبینیی ئاڵۆزیی زیاتر دەكرێت لە رەوشی عێراق".

جانۆ گوتیشی: "لە لایەكی دیكەوە ھەندێ لایەنی سیاسی بوونەتە بازرگانی گەورە و تەنیا سوود لە شاری بەسڕە وەردەگرن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، هەروەها دەستیان بەسەر نەوت و دەروازە سنوورییەكانی بەسڕەدا گرتووە، كە ئەنجامێكی باشی نابێت".

 

قائید میرۆ

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار