کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تا ١٥ی مانگ درێژ کرایەوە
__2018_09_04_h14m54s49__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تا ١٥ی مانگ بە کراوەیی دەمینێتەوە، بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.
دوو ڕۆژە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دیاری بکرێن، بەڵام بە ھۆی نەبوونی ڕێککەوتن نەیتوانیوە ئەو کارە بکات، بۆیە بڕیار درا کۆبوونەوەکە بە کراوەیی بمینێتەوە تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە بۆ ئەوەی ڕێککەوتن دەکرێت.
پەیوەست بەم پرسە، ڕێبوار ھادی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی نەبوونی ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا نەتوانرا دەستەی نوێی سەرۆکایەتی دیاری بکرێت، بۆیە دەنگدان کرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە بە کراوەیی بمینێتەوە تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە، ئەمەش بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن."
ڕێبوار ھادی گوتیشی: "ئێمەش وەکو کورد دەنگمان دا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە کراوەیی بمینێتەوە، چونکە ناکرێت بەبێ بوونی ڕێککەوتن دەستەی سەرۆکایەتی دیاری بکرێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "تا ئێستا نە سوننەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان ڕێک کەوتوون و نە شیعەکانیش لەسەر گەورەترین فراکسیۆن ڕێک کەوتوون، بۆیە ھەرکاتێک ئەوان گەیشتنە ڕێککەوتن، ئێمەش ئەوکات کێ زۆرترین داواکاریی کورد جێبەجێ بکات پشتگیری لەو لایەنە دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




